گرووپێک لەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی لە “شەڕی ١٢ ڕۆژە”دا خانەکانیان لەدەست داوە، لەبەردەم باڵەخانەی سەرۆکایەتیی کۆمار گردبوونەوە، لە ناڕەزایەتی بەرانبەر فەرمانی چۆڵکردنی ئەو هۆتێلانەی تێیدا نیشتەجێ کرابوون و نادیاریی چارەنووسیان.
بە نووسینی ڕۆژنامەی “شەرق”، ئەم هاووڵاتییانە کە نزیکەی ٤٠٠ خێزانن و ماوەی ٦٠ ڕۆژە دوای وێرانبوونی خانەکانیان لە هۆتێلەکاندا نیشتەجێ کراون، لەلایەن شارەوانییەوە پێیان گوتراوە دەبێت هۆتێلەکان چۆڵ بکەن، ئەگەرنا تێچووی مانەوەیان لەسەر خۆیان دەبێت.
بە گوتەی ناڕازییان، شارەوانی بەڵێنی پێدانی یەک ملیار و نیو تمەن وەک پێشەکیی کرێی خانوو و تا ٣٠ ملیۆن تمەن کرێی مانگانەی داوە، بەڵام زۆرێک لە خێزانەکان هێشتا ئەو بڕە پارەیەیان وەرنەگرتووە. هەروەها بەڵێنی پێدانی ٢٥٠ ملیۆن تمەن وەک کارتی کڕینی کەلوپەلی ناوماڵیش بۆ زۆرینەی زیانلێکەوتووان جێبەجێ نەکراوە.
بە گوتەی ئەم هاووڵاتییانە، شارەوانی ئیدیعای ئەوە دەکات هەموو تێچووەکانی بە تەنها دابین کردووە و حکوومەت هیچ یارمەتییەکی نەداوە.

