zagros news agency

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کۆمەڵێک رێوشوێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوتاری توندڕەوان لە کاتی بانگەشه ئاماده دەکات

 

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی خۆی راگەیاند، هاوکات کۆمەڵێک رێوشوێنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوتاری توندڕەوی خستەڕوو.

عومەر ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە وتارێکدا لە میانەی کۆنفڕانسی “بەرەنگاربوونەوەی گوتاری توندڕەوی لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا” رایگەیاند: “رووبەڕووبوونەوەی گوتاری توندڕەوی پێویستی بە پاکێجێکی گشتگیر هەیە لە رێوشوێنەکان، لەوانە:
یەکەم: بەهێزکردنی چوارچێوە یاساییەکان کە قسەی کینه و هاندان بۆ توندوتیژی بە تاوان دەزانێت، لە هەمان کاتدا دەستەبەرکردنی رێزگرتن لە ئازادی بیروڕا و رادەربڕین لە سنووری یاسادا.
دووەم: هۆشیارکردنەوەی دەنگدەران و کاندیدەکان و پیشەگەرەکانی راگەیاندن سەبارەت بە گرنگی گوتاری بەرپرسیارانە و پەسەندکردنی رێسای رەفتاری هەڵبژاردن کە هەموو لایەنەکان پابەند دەکات بە رێزگرتن لە رێساکانی کێبڕکێی دادپەروەرانە.
سێیەم: چاودێریکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و سۆشیال میدیا بۆ دەستنیشانکردنی پێشێلکارییەکان و چارەسەرکردنیان بە خێرایی و شەفافانه.
چوارەم: هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی بنکەکانی دەنگدان و سەلامەتی دەنگدەران و کارمەندان و کاندیدەکان.
پێنجەم: بەشداریکردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەوڵەکانی هۆشیارکردنەوە و چاودێریکردن و پێشخستنی کلتووری گفتوگۆ.”

عومەر ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، “کۆمیسیۆن پاکێجێک رێوشوێنی گرتووەتەبەر، لەوانەش رێسا و رێنمایی و رێسای رەفتاری و بە تاوانبارکردنی ئەوانەی لە پشت بانگەشەی هەڵبژاردنەوەن کە گوتاری توندڕەوی و رەگەزپەرستی و تیرۆریستی لەخۆدەگرێت کە رق و کینه لە کۆمەڵگەدا دەچێنێت.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، “رووبەڕووبوونەوەی گوتاری توندڕەوی تەنیا بەرپرسیارێتی کۆمیسیۆن نییە بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی بەکۆمەڵە و پێویستییه بۆ ئەو لایەنانەی بەرژەوەندییەکانی گەل لە سەرووی بەرژەوەندییە تەسکەکانەوە دادەنێن، بۆ میدیایەک کە هەوڵی پیشەییبوون بدات، هەروەها بۆ ئەو هاووڵاتیانەی بە وردی قسەکانیان هەڵدەبژێرن.”

هەواڵی پەیوەندیدار

سۆمۆ: هیچ نەوتێکی هەرێمی کوردستان بێ ڕەزامەندی ئێمە ناچێتە دەرەوە

یاسین

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە تیمی دەزگای روانگە کرد

یاسین

فوئاد حوسێن لەگەڵ بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا له بەغدا لەسەر پرسی مووچه و نەوت کۆبووەوه

سەڵاح