zagros news agency

ترەمپ بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-٣٥ بە سعودیە ئامادەیی نیشان دا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند ئامادەیە فڕۆکەی جەنگیی ئێف-٣٥ بە سعودیە بفرۆشێت، ئەمەش دەتوانێت هاوسەنگیی سەربازیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بگۆڕێت، چونکە تا ئێستا تەنیا ئیسرائیل لە ناوچەکەدا ئەم جۆرە فڕۆکەیەی وەرگرتووە. ئەم لێدوانانە لە بەردەم کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، لە واشنتن دێن.
ترەمپ لە بەردەم ڕۆژنامەنووساندا گوتی کە ڕیاز دەیەوێت “ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی ئێف-٣٥ بکڕێت.” ئەم فڕۆکە پێشکەوتووانە لەلایەن کۆمپانیای چەک و تەقەمەنیی ئەمریکی “لۆکهید مارتن” بەرهەم دەهێنرێن و توانای خۆحەشاردانیان لە ڕادار هەیە.
فرۆشتنی ئەم فڕۆکانە بە سعودیە وەک گۆڕانکارییەکی سیاسیی گرنگ سەیر دەکرێت، چونکە تا ئێستا تەنیا ئیسرائیل، نزیکترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ئەم فڕۆکانەی پێدراوە. سعودیە هیوادارە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای سەربازیی لە ئەمریکاوە بەدەست بهێنێت. هەروەها، تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد و پڕۆژەی ئەتۆمیی مەدەنیی لە چەقی سەردانەکەی بن سەلمان بۆ واشنتن دەبن.
بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی توێژینەوەی ئاشتیی ستۆکهۆڵم (SIPRI)، سعودیە لە ساڵانی ڕابردوودا گەورەترین کڕیاری چەکی ئەمریکی بووە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا، هەندێک جار لە کۆنگرێسی ئەمریکادا بەهۆی ڕۆڵی سعودیە لە شەڕی یەمەندا، ناڕەزایەتی لەسەر فرۆشتنی چەک بە ڕیاز هەبووە.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، ترەمپ لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ بن سەلمان، جەخت لەسەر پابەندبوونی سعودیە بۆ وەبەرهێنانی ٦٠٠ ملیار دۆلاریی لە ئەمریکادا دەکاتەوە.
پێشتر، کوشتنی جەمال خاشقچی، ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری سعودی کە لە ئەمریکا دەژیا و کاری دەکرد، بووە هۆی گرژیی دیپلۆماسیی نێوان ئەمریکا و سعودیە. خاشقچی، کە یەکێک بوو لە نووسەرانی ڕۆژنامەی “واشنتن پۆست”، لە ساڵی ٢٠١٨ لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ کوژرا و جەستەکەی پارچەپارچە کرا و تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
ڕێکخراوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، محەممەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیە بە داڕێژەر و “مێشکی سەرەکیی” ئەم کوشتنە دەزانن. سەردانەکەی محەممەد بن سەلمان بۆ واشنتن، کە ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی تشرینی دووەم ئەنجام درا، یەکەم دەرکەوتنی بوو لە ئەمریکا دوای کوشتنی خاشقچی.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شا عەبدوڵلا کۆدەبێتەوە

یاسین

خولی ئیتاڵیا.. میلان خۆی گەیاندە پێشەنگ و چاوی لە شکستی ڕکابەرەکانیەتی

یاسین

هێزەکانی حکوومەتی یەمەن پارێزگا گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتەیان کۆنترۆڵ کرد

یاسین