zagros news agency

دۆزینەوەی سێ تۆن گۆشتی نایاسایی گوێدرێژ و هێستر لە تاران

 

دادگای تایبەت بە تاوانە پزیشکی و کاروبارە تەندروستییەکانی تاران هەواڵی “دۆزینەوە و دەستبەسەرداگرتنی سێ تۆن گۆشتی نایاسایی”ی ڕاگەیاند. ئەم دامەزراوە قەزاییە ڕایگەیاند بەپێی ئەنجامەکانی تاقیکردنەوە کان، “گۆشتە دۆزراوەکان هی گیانلەبەری یەکسمی وەک گوێدرێژ و هێسترن”.
ئەم گۆشتە نایاساییانە لە دوای پشکنینی یەکەیەکی پیشەیی کە لە بواری بەرهەمهێنان و پاکەتکردنی گۆشتدا کار دەکات، دۆزرانەوە و دوای دەستبەسەرداگرتنیان، لە چوارچێوەی دۆسیەیەکی دادوەریدا نموونەیان لێ وەرگیرا. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە کاتی ئەم کارە قەزاییەدا نزیکەی پێنج هەزار لێبڵی ساختە بە ناوەکانی “گۆشتی گۆشکی بەستووی بەڕازیلی” دۆزرانەوە. بەپێی ئەم دۆسیەیە، ئەو لێبڵانە لەسەر کارتۆنەکانی گۆشت لکێنرابوون و بەرهەمە (نایاساییەکان) وەک گۆشتی گۆلکی بێ ئێسک لە بازاڕدا دەفرۆشران.
بەپێی گوتەکانی سەعید ئەحمەدبەیگی، جێگری داواکاری گشتی و سەرپەرشتیاری دادگای تایبەت بە تاوانە پزیشکی و کاروباری تەندروستییەکانی تاران، “یەکە پیشەییەکانی کارا لە بواری ماددە خۆراکی و خواردنەوەکاندا بە بەردەوامی لەژێر چاودێریی لایەنە پەیوەندیدارەکاندان و لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەکدا، بابەتەکە بۆ دامەزراوە قەزاییەکان دەگوازرێتەوە و دۆسیەیەکی قەزایی پێک دەهێنرێت”.
دۆسیەی دۆزینەوەی سێ تۆن گۆشتی گوێدرێژ و هێستر لە کاتێکدا هەواڵساز بووە کە لە هەفتەکانی ڕابردوودا ڕاپۆرتی زۆر لەبارەی گرانبوونی بێسنوور و قەیرانی خۆراک لە ئێراندا بڵاو بوونەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئێران تۆمەتەکانی سوید ڕەت دەکاتەوە

سەڵاح

نرخى نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبونەوەى بەرچاوى تۆمار کردوە

سەڵاح

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی هیندستان لە عێراق دەکات

یاسین