دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتگەلێک لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەربارەی لێکۆڵینەوە لە ئەگەری هەناردەکردنی نەوتی خاوی ڤەنزوێلا بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند حکوومەتی کاتیی ڤەنزوێلا تا ٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوت ڕادەستی ئەمریکا دەکات.
ترەمپ پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «تروس سۆشیال» بڵاو کردەوە و نووسی داهاتی ئەم نەوتە «لەژێر سەرپەرشتیی ئەودا» وەک سەرۆکی ئەمریکا دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا، ڕوونی کردەوە «بەرپرسانی کاتیی ڤەنزوێلا لە نێوان ٣٠ بۆ ٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی باش و لەژێر سزای ئابووریدا ڕادەستی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن.»
سەرۆکی ئێستای ئەمریکا زیادی کرد ئەم نەوتە «بە نرخی بازاڕ دەفرۆشرێت» و جەختی لەوە کردەوە سەرپەرشتیی سەرچاوە دارایییەکانی ئەو نەوتە دەگرێتە ئەستۆ «بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە کە ئەم داهاتانە لە بەرژەوەندیی گەلی ڤەنزوێلا و ئەمریکادا بەکار دەهێنرێن.»

