گرووپە سەرەکییەکانی پەرلەمانی ئەورووپا ڕایانگەیاند ڕێککەوتنی بازرگانیی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا کە لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٥دا بەدەست هاتبوو، بەهۆی هەڕەشەی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا بۆ سەپاندنی باج بەسەر هەشت وڵاتی ئەورووپاییدا پەسەند ناکرێت.
سەرۆکی گرووپە سیاسییە سەرەکییەکانی پەرلەمانی ئەورووپا، بریتی لە “پارتی گەلی ئەورووپا” (EPP)، “سۆسیالیست و دیموکراتەکان” (S&D) و گرووپی لیبڕاڵی “نوێکردنەوەی ئەورووپا” (Renew Europe) پەرچەکرداریان بەرانبەر بڕیارەکەی دۆنالد ترەمپ نیشان دا کە بەهۆی کێشەی “گرینلاند”ـەوە باجی خستووەتە سەر وڵاتانی ئەورووپا.
مانفرێد وێبەر، سەرۆکی پارتی گەلی ئەورووپا ڕایگەیاند هەڕەشەکانی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لەسەر پرسی گرینلاند وای کردووە لەم قۆناغەدا پەسەندکردنی ڕێککەوتنی بازرگانیی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا مەحاڵ بێت. ناوبراو جەختی کردەوە ئەو ڕێککەوتنەی کە بەپێی ئەو دەبوو باجی سەر کاڵا ئەمریکاییەکان بکرێتە سفر، دەبێت ڕابگیرێت.
ئیراتێکس گارسیا-پێرێز، سەرۆکی گرووپی سۆسیالیست و دیموکراتەکان لە پەرلەمانی ئەورووپا ڕایگەیاند سەپاندنی باجی ٢٥٪ لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر وڵاتانی هاوپەیمان کە دژی فرۆشتنی گرینلاندن، مایەی قبووڵکردن نییە. گوتیشی: “یەکێتیی ئەورووپا دەبێت دەستبەجێ جووڵە بکات، دانوستانەکانی ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا هەڵپەسێرێت و ئامرازەکانی بەرەنگاربوونەوەی فشارەکان چالاک بکات.”
شایانی باسە دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لە تەمووزی ٢٠٢٥ لە سکۆتلەندا و دوای دیدار لەگەڵ ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕایگەیاندبوو دانوستانەکانی ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا کۆتاییی هاتووە. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، وڵاتانی ئەورووپا باج لەسەر کاڵا ئەمریکاییەکان لادەبەن و ئەمریکاش ١٥٪ باج دەخاتە سەر کاڵا ئەورووپاییەکان؛ بەڵام جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە پێویستی بە پەسەندکردنی پەرلەمانی ئەورووپا هەبوو.
سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دوێنێ ڕایگەیاند بەهۆی ئەوەی وڵاتانی دانیمارک، نەرویج، سوێد، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، هۆڵەندا و فینلاند دژی کڕینی گرینلاند لەلایەن ئەمریکاوە وەستاونەتەوە و بەمەش “هەڕەشەیان بۆ ئاشتیی جیهان دروست کردووە”، باج دەخاتە سەریان.
ئەم باجە بۆ ئەو هەشت وڵاتە لە ١ی شوباتی ٢٠٢٦ بە ڕێژەی ١٠٪ دەست پێ دەکات و لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بۆ ٢٥٪ بەرز دەبێتەوە و تا ئەو کاتەی ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ کڕینی گرینلاند دەکرێت، بەردەوام دەبێت.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

