پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا جەختی لەسەر پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا کردەوە.
هیگسێت لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسێکدا کە ئاماژەی بەوە کردبوو هەرێمی کوردستان “دیارترین هاوپەیمانتانە و ڕووبەڕووی بۆردوومانی ئێران و گروپە لایەنگرەکانی دەبێتەوە”، ڕایگەیاند: “من بە ناوی هەموو هاوپەیمانانمان لە ناوچەکە بە گشتی قسە دەکەم؛ ئێمە بەردەوام لە پەیوەندیداین و شانبەشانی ئەوان دەوەستین و پێزانینمان بۆ تواناکانیان هەیە.”
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران ڕووی لە هەڵکشان کردووە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی بنکە ئەمریکییەکان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هێرشی ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی بوونەتەوە، وەک ئەوەی لە پرسیاری ئاراستەکراو بۆ وەزیرە ئەمریکییەکەدا هاتبوو.

