بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمەریکی، بازنەی بڕیاردان لە کۆشکی سپی بەرەو بژاردە هەرە توندەکان دەچێت. یاریدەدەرە باڵاکانی دۆناڵد ترەمپ پێشنیازیان کردووە کە لە ئەگەری دەستپێکی شەڕدا، تەواوی پردە ستراتیژییەکان و وێستگەکانی کارەبای ئێران خاپوور بکرێن. ئەم پلانە وەک تەکتیکێکی سەربازی بۆ پەکخستنی کارگەکانی درۆن و مووشەک و ڕاگرتنی گواستنەوەی کەرەستە سەربازییەکان وەسف کراوە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ خۆشی لە وتارێکی نیشتمانیدا مۆڵەتی تا ڕێکەوتی 6ـی نیسانی 2026، واتا سبەی دووشەممە بۆ تاران دیاری کردووە، تا بێتە سەر مێزی گفتوگۆ، بەپێچەوانەوە هێرشێکی وێرانکەر چاوەڕێی ژێرخانی ئەو وڵاتە دەکات.
ئەمەریکا 1875 مووشەکی شەبەحی بۆ شەڕی ئێران تەرخان کردووە،
لە لایەکی ترەوە، ئاژانسی (بلوومبێرگ) ئاشکرای کردووە کە پنتاگۆن دەستی کردووە بە خاڵیکردنەوەی کۆگاکانی مووشەکی ستراتیژیی خۆی لە زەریای هێمن و گواستنەوەیان بۆ بنکەی (فەیرفۆرد) لە بەریتانیا و بنکەکانی (سێنتکۆم).
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمەریکا 1875 مووشەکی شەبەحی لە جۆری (JASSM-ER) بۆ شەڕی ئێران تەرخان کردووە، کە تەنها 425 دانەیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دیکەی لە جیهاندا دەمێنێتەوە. ئەم مووشەکانە کە توانای بڕینی 965 کیلۆمەتریان هەیە و ڕادار نایانبینێت، وەک ئامرازێک بۆ خاپوورکردنی بنکە ئەتۆمییەکان بەکار دەهێنرێن، بێ ئەوەی فڕۆکە زەبەلاحەکانی (B-52) بچنە ناو سنووری ئاسمانی ئێرانەوە.
ئیسرائیل و گڵۆپی سەوزی واشنتۆن
هاوکات لەگەڵ ئەم جووڵە سەربازییانە، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ لێدانی کێڵگە و دامەزراوەکانی وزەی ئێران تەواو کردووە. تەلئەبیب تەنها چاوەڕێی ئاماژەی کۆتایی و گڵۆپی سەوزی ئەمریکایە.
تاران ئاگربەستی کاتی ڕەت دەکاتەوە
لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش، وەک پێگەی (ئەکسیۆس) بڵاوی کردووەتەوە، هەوڵی وڵاتانی نێوەندگیر بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە گەیشتووەتە بنبەست. دوو سەرچاوەی ئاگادار بەو پێگەیەیان ڕاگەیاندووە کە ئێران پێشنیازی ئاگربەستی کاتی ڕەت کردووەتەوە و داوای گەرەنتیی نێودەوڵەتی دەکات کە ئەمریکا جارێکی تر هێرش نەکاتەوە سەری و جەنگەکە بە یەکجاری کۆتایی بێت.
(ئەکسیۆس) ڕاشیگەیاندووە، سبەی دووشەممە مۆڵەتە 10 ڕۆژییەکەی ترەمپ بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز کۆتایی دێت، ئەمەش وا دەکات کاتژمێرەکانی داهاتوو ترسناکترین ساتەکان بن بۆ ئایندەی ئاشتی و جەنگ لە ناوچەکەدا.

