سەرۆکی ئۆکراینا ڕای گەیاند ئەمریکا دوای ماوەیەک وەستان، ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ ئەو وڵاتەدا لە نوێوە دەست پێ کردووەتەوە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی تشرینی یەکەم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی “میت د پرێس”ی کەناڵی ئێن بی سی گوتی ئاڵوگۆڕی زانیاری “بۆ ماوەیەک” ڕاگیرابوو و ئێستا کار دەکات. ئەو هیوای خواست وتووێژەکان لەگەڵ ئەمریکا هەر لەم هەفتەیەدا بەڕێوە بچن.
دۆناڵد ترامپ پێشترێ لە ئەلاسکا، وەستانی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ ئۆکراینای ڕەت کردەوە و زیادی کرد ئەمریکا یارمەتیی ئۆکراینا دەدات و زانیارییەکانی دەخاتە بەردەستی.
ئاندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، هەر ئەو ڕۆژە لە وارشۆ ئەو هاوکارییەی بە بەردەوام ناو برد. کۆشکی سپی ڕاپۆرتەکانی وەستانی پشتڕاست نەکردەوە یان ڕەتی نەکردەوە.
ڕۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمز ١٩ی مێهر، بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەورووپی، نووسی حکوومەتی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە سیستەمی کڕینی چەکی ئەمریکایی بۆ ئۆکراینا و ئاڵوگۆڕی زانیاری ڕابگرێت، مەگەر ئۆکراینا هێرش بۆ سەر ژێرخانی وزەی ڕووسیا ڕابگرێت. کۆشکی سپی ئەو ڕاپۆرتەی پشتڕاست نەکردەوە یان ڕەتی نەکردەوە.
ئۆکراینا سێ ڕۆژلەمەوبەر هێرشەکانی بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی ڕووسیای دەست پێ کردەوە. بەیانیی ڕۆژی یەکشەممەش تێرمیناڵی نەوتیی سەن پیتەرزبورگ کرایە ئامانج.
ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ڕای گەیاند ئۆکراینا دەستی بە “ستارشیلد”، وەشانی سەربازیی سیستەمی مانگی دەستکردی “ستارلینک”، ناگات و داوای حکوومەتی ئۆکراینا بۆ دەستڕاگەیشتن “لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە”.

