لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل درێژە بە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی لوبنان دەدات، ڕۆژی یەکشەممە (١٦ـی خاکەلێوە)، ٣ هێرشی ئاسمانیی کردە سەر گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت.
بەپێی زانیارییەکان، لە یەکێک لە هێرشەکاندا باڵەخانەیەکی دیاریکراو لە گەڕەکی “غوبەیری” کراوەتە ئامانج کە پێشتر ئیسرائیل هۆشداریی چۆڵکردنی بۆ دەرکردبوو. ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئەم باڵەخانەیە دەکەوێتە نزیک نووسینگەی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی “ئەلمەیادین” کە نزیکە لە حزبوڵڵاوە. لە هەمان کاتدا، درۆنەکانی ئیسرائیل هاوشانی هێرشی تۆپخانەکان، گوندی “بازووریە”ـیان کردە ئامانج و هێرشی ئاسمانیش کرایە سەر هەردوو گوندی “عەیتەیت” و “عەین بەعال” لە باشووری لوبنان. لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی نیشتمانیی لوبنان بڵاویکردەوە کە تۆپخانەکانی ئیسرائیل گوندی “حۆش”ـیان بۆردومان کردووە.
پێشتر سوپای ئیسرائیل هۆشداریی دابووە دانیشتووانی باشووری بەیرووت، بەتایبەتی لە گەڕەکەکانی حارە حرەیک، غوبەیری، لەیلەکی، حەدەس، بورج بەراجنە، تەحویتەتولغەدیر و شیاح، کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. ئەڤیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشەکانیان بۆ سەر “ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵا” بەردەوام دەبێت.
جێی باسە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم شەڕەوە لە ٢ـی مارسی ڕابردووەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە دانیشتووانی باشووری بەیرووت و باشووری لوبنان ئاوارە بوون. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش، ژمارەی کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکان و ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی ئیسرائیل گەیشتووەتە ١٤٢٢ کەس.
هەواڵی داهاتوو

