باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە تاران بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لەبەر هۆکاری ئەمنی بە شێوەی کاتی داخرابوو، کرایەوە.
ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران ڕاپۆرتیان دا باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە تاران ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕەشەمە بۆ پشتیوانیکردن لە «نێوەندگیری» و هەروەک باڵیۆزی ئەم وڵاتە لە ئێراندا ڕایگەیاندووە، «پابەندبوون بە هەوڵەکانی ئاشتی لە هەموو لایەکەوە»، دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە.
ئەنتۆنیۆ سانچێز بێندیتۆ گاسپار، باڵیۆزی ئیسپانیا لە ئێران، ڕۆژی یەکشەممە بە پێشوازیی فەرمیی عەلی دەرمانی، قایمقامی ئاستارا، لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی ئەم شارۆچکەیەوە گەیشتە ناو ئێران.
ناوبراو لە سەرەتای گەیشتنی بە ئێران، ئاشکرای کرد «بەپێی بەرنامەکان و لەپێناو سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسپانیادا بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان هەوڵ دەدەین».
وەزیری دەرەوەی ئیسپانیاش دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی کاتیی دوو هەفتەیی نێوان تاران و واشنتۆن، هەواڵی کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتەی لە تاراندا ڕاگەیاندبوو.
ئیسپانیا دوای دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بە گرتنەبەری هەڵوێستێکی ڕوون دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و جەنگی فراوانتر دژی ئێران، خۆی وەک یەکێک لە ڕەخنەگرە سەرەکییە ڕۆژئاواییەکانی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل ناساندووە.
خۆسێ مانوێل ئالباریز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا، گوتوویەتی: «ئیسرائیل ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ ناگرێت و هەنگاوەکانیشی نموونەی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانن. هەر بەم هۆیەشەوە، ئیسپانیا پێشنیاری هەڵپەساردنی ئەنجومەنی هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیلدا کردووە».
ئەو هەروەها ڕوونی کردووەتەوە «هاوتاکانم لە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا پێیان گوتووین ئیسپانیا بە ناساندنی فەلەستین بە فەرمی و هەروەها هەڵوێستوەرگرتن لە بەرژەوەندیی لوبنان و ئێراندا، شکۆ و کەرامەتی ئەورووپا ڕزگار دەکات».
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەم ماوەیەدا بە توندی مانۆڕیان بەسەر دژایەتیکردنی ئیسپانیا بەرانبەر بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئێران و حزبوڵڵای لوبناندا داوە.
تەنانەت لە هەفتەکانی دواییدا وێنەی هێزە لایەنگرەکانی حکوومەتی ئێران بڵاو کرابووەوە شەوانە لە شەقامەکاندا کۆ دەبوونەوە و ئاڵای ئیسپانیایان لەدەستدا بوو.

