سەرکردەی وڵاتانی جیاوازی جیهان ڕۆژی هەینی بۆ خستنەڕووی پلانێکی دەستەبەرکاری ئاسایشی گەرووی هورمز پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە پاریس کۆ دەبنەوە.
کییەر ستارمەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا، بە شێوەی هاوبەش میوانداریی ئەم کۆبوونەوەیە دەکەن.
گوتەبێژی ستارمەر بە ئاماژەدان بە پلانەکان بۆ بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە گوتی: «ئەم دانیشتنە، کارەکان بۆ گەیشتن بە پلانێکی هەماهەنگ، سەربەخۆ و فرەنەتەوەیی بۆ پاراستنی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی پاش کۆتاییهاتنی پێکدادانەکان بەرەو پێش دەبات.»
ماکرۆن پێشتر گوتبووی ئەو وڵاتانەی لەم دەستپێشخەرییەدا بەشدارن لەسەر ئەرکێکی تەواو بەرگرییانە، جیا لە لایەنە تێوەگلاوەکانی ململانێکە کار دەکەن. ئەو گوتبووی جێگیرکردنی ئەم ئەرکە بڕیارە هەر کاتێک بارودۆخەکە ڕێگە بدات ئەنجام بدرێت.
لە بەریتانیاش لیژنەیەکی نوێی کابینەی حکوومەت بۆ بەدواداچوونی لێکەوتەکانی شەڕی ئێران پێکهێنراوە. ئەم لیژنە تایبەتە بە کاردانەوە بەرانبەر بە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ڕۆژی سێشەممە بەڕێوە دەبات بۆ ئەوەی دۆخی گەرووی هورمز، وەک ڕێڕەوێکی کەشتیوانیی گرنگ بۆ دابینکردنی جیهانیی نەوت و گاز بپشکنێت.
هەواڵی داهاتوو

