zagros news agency

ئیسرائیل: ئەو باڵەخانانەمان پێکاوە حیزبوڵڵا لە لوبنان بەکاریان دەهێنێت

بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی لوبنان، ناوچەکانی باشووری لوبنان ئێوارەی شەموو ٥ی بانەمەڕ، کەوتە بەر زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل. ئەم هێرشانە دوای ئەوە هاتن بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، فەرمانی بە سوپاکەی دا بە هێزێکی زۆرەوە هێرش بکەنە سەر ئامانجەکانی حیزبوڵڵا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل لانی کەم ٤ گوندی لە باشووری لوبنان کردە ئامانج. لە بەرانبەردا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند ئەو باڵەخانانەی بۆ مەبەستی سەربازیی بەکار دەهاتن و حیزبوڵڵا لە ناوچە جیاجیاکانی باشووردا بەکاری دەهێنان، بۆردومان کران. سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە بەگوێرەی ڕێنماییە سیاسییەکان، لەسەر کردەوەی یەکلاکەرەوە بەرانبەر هەڕەشەکان بەردەوام دەبێت.
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە بوون نەتانیاهوو ڕایگەیاند حیزبوڵڵا ڕێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردووە. دوو ڕۆژ دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، درێژکردنەوەی ئاگربەستی بۆ سێ هەفتە ڕاگەیاند، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا گوتی نەتانیاهوو فەرمانی بە سوپا داوە ئامانجەکانی حیزبوڵڵا لە لوبناندا بپێکێت.
سوپای ئیسرائیل گوتیشی حیزبوڵڵا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی بەرانبەر هێزەکانیان لە باشوور بەکار هێناوە. هەروەها وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند لە هێرشەکانی ڕۆژی شەموودا ٦ کەس کوژراون. بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕۆژی هەینییەوە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، بۆ ١٢ کەس بەرز بووەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرچاوەیەکی ئاگادار: ئێران پێشنیازە ئەتۆمییەکەی ئەمەریکای ڕەت کردووەتەوە

سەڵاح

وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەست پێدەکات

یاسین

سووریا.. ده‌یان ئافره‌تی درووز پێش له‌سێداره‌دانیان ڕووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژیی سێكسی بوونه‌ته‌وه‌

سەڵاح