سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند ڕۆژی یەکشەممە لە کاتی هەڵمەتێکدا لە باشووری لوبنان، سێ ئەندامی حیزبوڵڵای کوشتووە.
لە بەیاننامەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە سێ ئەندامی حیزبوڵڵا لە “باشووری هێڵی پێشەوەی بەرگری”دا لە کاتی نزیکبوونەوە لە سەربازانی ئیسرائیلی ناسراونەتەوە.
ئیسرائیل ناوچەیەکی سنووری بە پانیی ١٠ کیلۆمەتر لە خاکی لوبناندا بە “ناوچەی دابڕاو” ناو دەبات و ئامانجەکەشی کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی حیزبوڵڵایە؛ ئەمە بەو مانایەیە ئێستا نزیکەی لەسەدا ٥ی خاکی لوبنان لەژێر داگیرکاریی سەربازیی ئیسرائیلدایە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت دوای ناسینەوەی ئەم کەسانە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشی کردە سەریان و لەناوی بردن. هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە ژێرخانەکانی حیزبوڵڵا لە “بنت جوبەیل” لە هێرشەکاندا کراونەتە ئامانج. ئێستا لە نێوان لوبنان و ئیسرائیلدا ئاگربەست هەیە.
حیزبوڵڵا واژووی لەسەر ئەم ڕێککەوتنە نەکردووە، بەڵام ڕێککەوتنەکە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئەم گرووپە هاتووەتە ئاراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، حیزبوڵڵای تۆمەتبار کرد بەوەی بە کارەکانی ئاگربەستەکە لەناو دەبات و فەرمانی بە هێزەکانی دا هێرش بکەنە سەر پێگەکانی ئەم گرووپە.
ناتانیاهۆ دەڵێت ئەم ڕێککەوتنە جیا لە ئازادیی کارکردن بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان، دەسپێشخەرییش دەداتە ئیسرائیل بۆ پووچەڵکردنەوەی هەڕەشە دەستبەجێیەکان.

