ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەم بڕیارە لەسەر داوای دەوڵەتی پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکە دراوە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەو “سەرکەوتنە سەربازییە گەورانە” دێت، هێزەکانی ئەمریکا لە هەڵمەتەکانیاندا دژی وڵاتی ئێران بەدەستیان هێناوە.
سەرۆکی ئەمریکا دەلێت، پێشکەوتنی بەرچاو لە پرۆسەی گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی و تەواوەتی لەگەڵ نوێنەرانی ئێران بەدی هاتووە. هەر بۆیە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز رابگیرێت، تاوەکو دەرفەتێک بڕەخسێت بۆ دڵنیابوونەوە لە ئەگەری واژۆکردنی رێککەوتنامە کۆتاییەکە.
دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە، هەرچەندە پڕۆژەی ئازادی بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراوە، بەڵام گەمارۆکان (Blockade) بە هەموو هێز و کاریگەریی خۆیانەوە وەک خۆیان دەمێننەوە و بەردەوام دەبن.
رۆژی 3ـی ئایاری 2026، سوپای ئەمریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، ئۆپەراسیۆنی “پڕۆژەی ئازادی” لە گەرووی هورمز دەستپێکرد. ئەم ئۆپەراسیۆنە کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) سەرپەرشتی دەکرێت، هێزێکی گەورە لەخۆدەگرێت کە پێکهاتووە لە زیاتر لە 100فڕۆکەی جەنگی و 15هەزار سەرباز. ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لەم هەنگاوە، پاراستنی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان و چاودێریکردنی ئەو گەمارۆ دەریاییەیە کە واشنتن چەند هەفتەیەکە بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندوویەتی.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، چەند وڵاتێکی بێلایەن داوای هاوکارییان لە ئەمریکا کردووە بۆ رزگارکردنی کەشتییە گیرخواردووەکانیان لە گەرووی هورمز. بەڵام لە بەرانبەردا، بەرپرسانی ئێران، لەوانە سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، بە توندی دژی ئەم هەنگاوە وەستاونەتەوە و هۆشدارییان داوە کە هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا بە “پێشێلکردنی ئاگربەست” دادەنرێت.

