لە تاقیکردنەوەیەکی مەترسیداردا بۆ ئاگربەستی بەردەوام کە لە ٨ی نیسانی رابردووەوە دەستی پێکردووە، ئەمریکا و ئێران شەوی دوێنێ پێنجشەممە هێرشێکیان لە دژی یەکتر ئەنجامدا.
تەهران دواتر ڕایگەیاند کە دۆخەکە گەڕاوەتەوە بۆ ئاسایی، لە کاتێکدا واشنگتن جەختی لەوە کردەوە کە حەزی بە هەڵگیرساندنی ئاڵۆزی زیاتر نییە.
بەڵام لە ماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا چی لەنێوان ئەمریکا و ئێران ڕوویدا، دوای ئەوەی هەوایەکی ئومێدبەخش بڵاو بووبووەوە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی ڕێککەوتنێک کە شەڕەکەی ٢٨ی شوبات کۆتایی پێبهێنێت؟
بەرپرسیارێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی ئەمریکا ئامانجی شوێنە سەربازییەکانی دوورگەی قشم بوون، کە لە بەرامبەر کەناری باشووری ئێران لە تەنگەی هورمز هەڵکەوتووە. هەروەها شارەکانی بەندەر عەباس و خارکیش ئامانجی هێرشەکان بوون، کە هەردووکیان بەندەری سەرەکی لەسەر تنگەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرنال”، هێرشەکان هەروەها شوێنی مووشەکی کروز بۆ بەرگریی کەناراو و سیستەمی ڕاداریشی گرتووەتەوە.
فرماندەیی ناوەندی ئەمریکاش ڕایگەیاند کە ئێران لە هێرشەکەدا مووشەک، فرۆکەی بێ فڕۆکەوان و بەلەمی بچووک بەکارهێناوە بۆ ئامانجگرتنی سێ وێرانکەری دەریایی ئەمریکا.
لە بەرامبەردا، سوپای ئێران ڕایگەیاند کە لە دژی کەشتییە جەنگییەکان تەقەیان کردووە و ئەوە وەڵامێک بووە بۆ هێرشێکی پێشووی ئەمریکا بۆ سەر نەوتکێشێکی ئێرانی.
ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە تەقەی لە نەوتکێشێکی ئێرانی کردبوو، کە بە وتەی واشنگتن هەوڵیدەدا گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بشکێنێت؛ ئەو گەمارۆییەی کە لە ١٣ی نیسانەوە بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپێنراوە.
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، پێویستە هەڵوێستە جیاوازەکانی هەردوو لایەن بخوێندرێتەوە، چونکە هەر یەکەیان تاوانبارکردنی ئەوی تر دەکات بە دەستپێکردنی شکاندنی ئاگربەستەکە.
بەرپرسیارێکی ئەمریکی ئاگادار ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئێران مووشەک و فرۆکەی بێ فڕۆکەوانیان هەڵداوە و هێرشیان بە بەلەمی بچووک کردووەتە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، و خەریک بوون دووبارە ئەو کارە بکەنەوە، پێش ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا هێرشەکانی خۆیان ئەنجام بدەن کە بە “بەرگری لە خۆ” ناویان بردووە.

