zagros news agency

چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی دانوستانەکان

لوبنان ڕایگەیاند ڕۆژی چوارشەممە ٣ی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێک لە نزیک بەیروتی پایتەخت.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنان (NNA) ڕایگەیاند ئۆتۆمبێلێک لەسەر ڕێگەی “خالدە” لە دەروازەی باشووری بەیروت کراوەتە ئامانج. ئەم ئاژانسە هەروەها هەواڵی هێرشکردنە سەر ٢٠ خاڵی لە باشووری ئەو وڵاتە لە ڕۆژی چوارشەممەدا بڵاو کردەوە.
پێشتر سوپای ئیسرائیل هۆشداریی دابووە دانیشتووانی چەند گوندێکی باشووری لوبنان پێش دەسپێکی هێرشەکان ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. سەرچاوەیەکی پزیشکی لە شاری سوور لە باشووری لوبنان بە ئاژانسی هەواڵی فڕەنسی گوت دوو هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی “الحوش” لە نزیک ئەم شارە کەناراوە، کوژرانی شەش کەسی لێ کەوتووەتەوە کە چوار کەسیان سووری و دوو کەسیان فەلەستینی بوون.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دوژمنکارانەی تێک شکاندووە کە لە لوبنانەوە چووەتە ناو ئاسمانی ئەو وڵاتە. بەرپرسانی ئیسرائیل هۆشدارییان داوە ئەگەر حیزبوڵڵا تەقە لە شارۆچکە ئیسرائیلییەکان بکات، سوپای ئەو وڵاتە دەوروبەری باشووری بەیروت دەکاتە ئامانج؛ هەڵوێستێک بە گوتەی ئەوان واشنتن پشتیوانیی لێ دەکات. بڕیارە دیپلۆماتانی ئیسرائیل و لوبنان ڕۆژی چوارشەممە دووەم ڕۆژی گفتوگۆ ڕاستەوخۆکانیان لە واشنتن بەڕێوە ببەن.

دۆخی گەڕەکی مەسیحی‌نشینی شاری سوور
ڕۆژی سێشەممە ٢ی حوزەیران، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژەدان بەوەی ئەندامانی حیزبوڵڵا لە گەڕەکی مەسیحی‌نشینی شاری سوور چالاکن، هۆشداریی دابوو لە ئەگەری مانەوەی ئەو گرووپە لەوێ، فەرمانی چۆڵکردن بە خەڵکی ناوچەکە دەدات. ئاژانسی هەواڵی فڕەنسی دۆخی شاری سووری لە بەیانیی چوارشەممەدا بە تاڕادەیەک ئارام وەسف کرد و گوت هەندێک لەو کەسانەی لەناو ئۆتۆمبێل یان چادری پەراوێزی گەڕەکە مەسیحی‌نشینەکەدا دەخەوتن، دوای بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیل ئەوێیان جێ هێشتووە. هێرشەکانی ڕۆژی چوارشەممە دوای زیادبوونی بەرچاوی پێکدادانەکان و بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژانی ڕابردوودا دێن؛ واتە لە کاتێکدا هێزەکانی ئیسرائیل قووڵترین پێشڕەویی زەمینیی خۆیان لە دوو دەیەی ڕابردوودا بۆ ناو خاکی لوبنان ئەنجام داوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن هۆشدارییەکی بەپەلەی ئەمنی بڵاوکردەوە

سەڵاح

ئەمریکا: ناتوانین ڕاگرتنی هەموو هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان گەرەنتی بکەین

mustafa

نێچیرڤان بارزانی کۆتایی بە بەشدارییەکەی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هێنا

یاسین