zagros news agency

وێنەی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی قوتابییانی میناب خەڵاتێکی نێودەوڵەتیی بەدەست هێنا

وێنەیەکی بڵاوکراوەی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی قوتابییانی قوتابخانەیەکی شاری میناب، لە هێرشەکانی ئەمریکادا کوژرابوون، مەدالیای زێڕی بەشی وێنەی هەواڵیی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی وێنەگریی “گۆڵدن شات ٢٠٢٦”ی بردەوە.
وێنەگرەکە ناوی مورتەزا ئاخووندیی ئێرانییە. وێنە ئاسمانییەکەی ئەو، ڕیزی گۆڕی قوتابییانی قوتابخانەی “شەجەرەی تەییبە” لە میناب لە کاتی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەدا نیشان دەدات.
ئەم ڕووداوە لە یەکەم ڕۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر کۆماری ئیسلامی ڕووی دا. بە گوتەی ئاژانسەکانی هەواڵ، لە هێرشی ئاسمانیی ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ بۆ سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شاری میناب، لانی کەم ١٧٥ کەس گیانیان لەدەست دا، ١٦٨ کەسیان قوتابی بوون.
پێشتر نیویۆرک تایمز ڕاپۆرتی کردبوو، لێکۆڵینەوە سەربازییە سەرەتایییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، مووشەکێکی کرووزی “تاماهاک”ی ئەمریکی بەهۆی هەڵە لە نیشانەگرتندا بەر ئەو قوتابخانە سەرەتایییە کەوتووە. هەندێک میدیاش هۆکاری ئەو هەڵەیەیان بۆ پشتبەستنی هێزەکانی ئەمریکا بە زانیاریی نوێ نەکراوە گەڕاندبووەوە.
بەرپرسانی ئەمریکا، لەوانە دۆناڵد ترەمپی سەرۆک‌کۆمار و پیت هێگسێتی وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چەندین جار گوتوویانە لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە بەردەوامە.
ئەم وێنەیە لە کێبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “گۆڵدن شات ٢٠٢٦” بە ناونیشانی “میناب؛ ١٦٨ قوتابی” بەشداریی کردبوو. لە وەسفی وێنەکەدا نووسراوە: “ئارامگەی ئەو منداڵانەی تەنیا تاوانیان منداڵبوونیان بوو؛ بێتاوانانێک بێدەنگ کران و مێژوو هەرگیز ئەم تاوانە لەبیر ناکات.”
دەستەی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە ڕایگەیاندبوو مەدالیای زێڕی گۆڵدن شات دەدرێتە ئەو بەرهەمە هەڵبژێردراوانەی بەرزترین ئاستی داهێنان، کوالێتیی تەکنیکی و دەربڕینی هونەرییان تێدایە.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا زیاتر بەرزبویەوە

سەڵاح

یادداشتێکی لەیەکتێگەیشتن لە نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان تایبەت بە ئاڵوگۆڕ و پێشخستنی توانا کارگێڕییەکان واژۆ کرا

یاسین

حوسێن ئەنوەر : ئەوانەی دەلێن كۆتایی پێدەهێنین مەبەستیان قەوارەی هەرێمە

گوران