zagros news agency

زۆر خواردنی میوە لە یەک کاتدا زیان بە کۆئەندامی هەرس دەگەیەنێت

دکتۆر ئەندرێ سکالنی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی دۆستایەتی گەلان لە ڕووسیا ڕایگەیاند، میوەکان ڕێژەیەکی زۆر لە ڕیشاڵ و شەکریان تێدایە، بۆیە پێشنیاز ناکرێت بڕێکی زۆریان لێ بخورێت، چونکە جەستەی مرۆڤ زۆرجار ناتوانێت بڕی زۆری شەکر و ڕیشاڵ بە تەواوی و بە دروستی هەرس بکات.
ئەو پزیشکە ڕوونکردنەوەی دا کە کێشەکە لە خودی میوەکەدا نییە، بەڵکو کاتێک کەسێک لە یەک کاتدا بڕێکی زۆر میوە دەخوات، جەستە ژەمێکی کتوپڕ لە ڕیشاڵ و شەکر وەردەگرێت. ئەمەش کۆئەندامی هەرس و بەکتریای ڕیخۆڵە ناچار دەکات بۆ مژینی ئەو بڕە زۆرە ڕووبەڕووی فشار ببنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەی ناخۆش وەک باکردنی سک.
دکتورەکە نموونە دێنێتەوە ە دەڵیت، 1 کیلۆگرام گێلاس نزیکەی 20 بۆ 30 گرام ڕیشاڵی تێدایە، ئەم بڕەش بەشە پێویستیی ڕۆژانەی کەسێکی پێگەیشتوو دابین دەکات. هەرچەندە ڕیشاڵ بۆ جووڵەی ڕیخۆڵە و دەرکردنی ژەهر بەسوودە، بەڵام نەبوونی ئەنزیمی پێویست لە ڕیخۆڵە باریکەدا وای لێدەکات بچێتە ڕیخۆڵە ئەستوورە، لەوێش بەهۆی کارلێکی بەکتریاوە غازاتی وەک هایدرۆجین، میسان و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دروست دەکات.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە 1 کیلۆگرام گێلاس نزیکەی 120 گرام شەکری تێدایە، لە کاتێکدا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) پێشنیار دەکات ڕۆژانە تەنیا 25 بۆ 30 گرام شەکر بخورێت. زۆر خواردنی فرۆکتۆز (شەکری میوە) لە یەک کاتدا، کۆئەندامی هەرس ماندوو دەکات.
دکتۆر سکالنی ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەکات کە ئەگەر ڕانەهاتوون لەسەر خواردنی ڕیشاڵ، پێویستە بڕی میوەی ڕۆژانەیان بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد بکەن بۆ ئەوەی جەستە ڕابێت، وە ئەگەر دوای خواردنی بڕێکی کەمیش هەستیان بە ناڕەحەتی کرد، پێویستە ڕاوەستن و لە حاڵەتی توندبوونی نیشانەکاندا سەردانی پزیشک بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیەندراوی فەرمیی نووسینگەی سوودانی: لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان پێکهێنرا

یاسین

پشووی فەرمانبەران درێژکرایەوە

یاسین

نرخی زێڕ لە بازارەکانی کوردستان

سەڵاح