تورکیا لە چوارچێوەی هەوڵە فراوانەکانی بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگریی خۆی و لە پێشوازیی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ کە بڕیارە ٧ و ٨ی تەممووز لە ئەنقەرە بەڕێوە بچێت، کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی “سامپ-تی” و “پاتریۆت” تاوتوێ دەکات.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، ڕۆژی سێشەممە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسەکانی هەواڵ ڕایگەیاند ئەنقەرە هەموو بژاردە بەردەستەکان بۆ پەرەپێدانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی، لەوانەش کڕینی ئەو دوو سیستەمە هەڵدەسەنگێنێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا ئامانجی وڵاتەکەی جێبەجێکردنی تەواوی ئەو ئامانجانەیە ناتۆ لە بواری توانای سەربازیدا تا ساڵی ٢٠٢٩ دیاریی کردوون.
وەزیری بەرگریی تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی هاوپەیمانیی ناتۆ لە تەنگژەدا نییە، بەڵکوو قۆناغی خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگەی ئاسایشیی گۆڕاو دەبڕێت، گوتی: “ناتۆ وەک سەکۆیەکی بێوێنە و بنەڕەتی بۆ ئاسایش و بەرگری لە ناوچەی یۆرۆ-ئەتڵەنتیک دەمێنێتەوە. ئێمە قۆناغی ئێستا وەک تەنگژە نابینین، بەڵکوو بە ڕێگەیەک بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگەی ئاسایشیی گۆڕاو دای دەنێین.”
پێشتر هەواڵی جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی فەڕەنسی-ئیتاڵیی “سامپ-تی” لە یەکێک لە بنکە ئاسمانییەکانی تورکیا لە پارێزگای کۆنیا لە مانگی حوزەیراندا بڵاو کرابووەوە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەرکی ناتۆ بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتانی ئەندام لەو هاوپەیمانییەدا ئەنجام درا.
هەروەها سیستەمی “پاتریۆت” لە ئەڵمانیاوە بۆ پارێزگای مەڵاتیە، شوێنی بنکەی ڕاداریی بەرگریی مووشەکیی “کورەجیک”ی سەر بە ناتۆ، گوازرایەوە و جێگیر کرا. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، ناتۆ ئەم بڕیارەی بە مەبەستی پاراستنی ئاسمانی تورکیا لە سایەی پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داوە.
لەلایەکی دیکەوە، تورکیا سەرقاڵی پەرەپێدانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ناوخۆیی خۆیەتی بە ناوی “قەڵغانی پۆڵایین” کە لە چوار ئاستی “کورت مەودا، مامناوەند، دوورمەودا و بەرگریی لەیزەری” پێک دێت. ڕاگەیاندنی دەستپێکی ئەم پڕۆژەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ گەڕێندرابووەوە.

