بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، کۆڕبەندێکی فراوانی ئابووری لە نێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا لە شاری بەرلین بەڕێوەبچێت، بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و دروستکردنی هەماهەنگی لە نێوان کۆمپانیاکانی هەردوولادا.
رۆژی دووشەممە، 29-06-2026، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی ئۆنلاینەوە دیدارێکی لەگەڵ ئیدگار زیدلەر، ئەندامی رێکخراوی نۆمۆڤ (NUMOV)ی ئەڵمانی ئەنجامدا.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی تیشکی خستە سەر رەوشی ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان و ئامادەیی ژوورە بازرگانییەکانی نیشاندا بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنی ئەڵمانی.
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە ئامادەکارییەکان بۆ سازکردنی کۆڕبەندێکی ئابووریی هاوبەش کە بڕیارە لە رۆژی 20-10-2026 لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت.
بەپێی زانیارییەکان، لەو کۆڕبەندەدا نوێنەرانی حکومەتی ئەڵمانیا، ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیا و بازرگانانی ئەو وڵاتە و بازرگانانی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن. هەروەها بڕیارە دیدارەکانی (B2B) لە نێوان بازرگانانی هەردوولادا ئەنجام بدرێت، بە مەبەستی واژۆکردنی گرێبەست و دروستکردنی هاوبەشیی نوێ لە کەرتە جیاوازەکاندا.

