ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا و دەرفەتی زێرین بۆ کوردستانیان       

دلاوەر ئاژگەیی

لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا، نزیکەی 400 ملیۆن هاووڵاتی یەکێتی ئەوروپا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی دەیەمین ئەنجومەنی یاسادانانی پەرلەمانی ئەوروپا کە یەکێک لە مەزنترین دامەزراوە دیموکراسیەکانە لە ئاستی جیهاندا و تاکە دامەزراوەی یەکێتی ئەوروپایە کە نوێنەرایەتی هاوڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا دەکات، بۆیە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی ئەوروپا ڕووداویکی گرنگ و گەورەیە و لە ئاستی جیهان لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت.

بەو پێیەی کە پەرلەمانی ئەوروپا دامەزراوەکی گرنگی بریاردانە و کاریگەری راستەوخۆی لە سەر بریاریە ستراتیجیەکانی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی هەیە و ساڵ لە دوای ساڵ پێگە و دەسەڵاتەکانی فراوانتر دەبن، پێکهاتەی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا رۆلی چارەنوسسازی دەبێت لە دوارۆژی یەکێتی ئەوروپا و پەیوەندیەکانی لە گەڵ دونیای دەرەوە.

گومان لەوەدا نیە کە یەکێتی ئەوروپا بە هۆی نزیکی جوگرافی لە کوردستان و کاریگەری سیاسی و ئابووری و ئاسایشی لە سەر کوردستان و بە هەمان کاتدا بۆ کوردستانیش گرنگە پەیوەندی پتەو و ستراتیجی لە گەڵ یەکێتی ئەوروپا هەبێت و بە تایبەتی لە رێگەی پەیوەندی دیپلۆماسی و پەیوەندی راستەوخۆ پەیوەندیەکانی لە بەرژەوەندی کوردستان بەهێز و پتەو بکات.

رێکارێکی تری دروست کردنی ئەو پەیوەندیە لە رێگەی لۆبی کردنە لە رێگەی پەرلەمانتارانی داهاتووی پەرلەمانی ئەوروپا کە ئەمەش میکانیزم و رێگە و رێکاری تایبەت بە خۆی هەیە و لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپا رێگەپێدراوە. لۆبی کردن لە پەرلەمانی ئەوروپا لە رێگەی پەرلەمانتارانی ئەندام لە لێژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و لێژنەی بەرگری و ئاسایش و لێژنەی مافی مرۆڤ ئەنجام دەدرێن و لە ئەگەری هەبونی ستراتیجی و پلانی تۆکمە دەکرێت بەشێک لە بریارەکان لە بەرژەوەندی کوردستان گۆرانکاریان بە سەر دابێت یا بە لایەنی کەم پاڵپشتی سیاسی و کۆدەنگی بۆ دۆزی گەلی کوردستان کۆبکرێتەوە.

بێگوومان لۆبی کردنی تەنیا لە رێگەی پەیوەندیە فەرمیە دیپۆماسیەکان ئەنجام نادرێن و دیاسپۆرا و رەوەندی کوردستان دەتوانێت رۆلێکی بەرچاو لە رووە وە ببینێت. لە ئێستادا کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا نزیک دەبینەوە گرنگە دامەزراوە و کۆمەڵە و فدراسیۆنەکانی رەوەندی کوردستانی لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە چڕی و بە پێی پلانێکی سەردەمیانە کار لە سەر دروستکردنی کاریگەریان لە داهاتووی پەرلەمانی ئەوروپا بکەن. گرنگە لە سەرجەم ئەو ولاتانەی رەوەندی کوردستانیان لێ نیشتەجێیە کاندیدە بەهێزەکان دیاری بکرێن کە چانسی دەرچوونیان زیاترە و هەوڵەی پەیوەندی کردن لەگەڵیان بدرێت. دەکرێت لە شارە گەورەکان سێمینار و کۆری تایبەت بۆ کاندیدەکان لە لایەن رەوەندی کوردستانی رێکخرێن و لە رێگەی دیبەت و پرسیار بۆچوون و تێروانینی کوردستانیان بخرێنە روو و بە روونی دیاری بکرێت کە کوردستانیان دەنگ بە کەسانێک دەدەن کە لە دوارۆژدا و لە ئەگەری سەرکەوتنیان کار بۆ دۆزی کوردستان بکەن و هەوڵ بدەن پشتگیری زیاتری ئەوروپی بۆ کوردستان لە پەرلەمان و یەکێتی ئەوروپا بەدەستبێنن.

لەم هەڵبژادنە دا ژمارەکی بەرچاو لە رەوەندی کوردستانی مافی دەنگدانیان دەبێت و ئەمە دەرفەتێکی زێرینە بۆ گەلەکەمان لە ئەوروپا هێز و دەنگی کوردستانیان بۆ لایەنە ئەوروپیەکان بخەنە روو و ژمارەیەک کاندیدی دۆست رەوانەی پەرلەمانی ئەوروپا بکەن. بێ گوومان ئەمە لە رێگەی خۆرێکخستن کاری دامەزراوەیی و سەردەمیانە و سوود وەرگرتن لە لاوان و گەنجان و کەسانی لێهاتوو دا ئەنجام دەدرێت و دەبێ ئامانجی سەرەکی پیشاندانی دەنگ و هێزی کوردستانیان بێت لە ئەوروپا کە بێ گوومان لە دوارۆژ کاریگەی دەبێت لە سەر پێکهاتە و بریارەکانی پەرلەمانی ئەوروپا.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئه‌و شۆڕشه‌ی پێویسته‌ گه‌نجان به‌رپای بكه‌

دڵشاد

یاسا دادپەروەری یێ ناکەت

یاسین

ھەڵبژاردن و قەدەغە کردنی دروشمە ئاینییەکان

دڵشاد