zagros news agency

ئەڵمانیا: دەبێت ئێران تێچووی هەڵگرتەنەوەی مین لە گەرووی هورمز بدات

گەرووی هورمز یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی بازرگانیی جیهانە و بە شێوەیەکی بەرفراوان مینڕێژ کراوە. یۆهان وادێفوول، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا، ڕایگەیاند دەبێت ئێران بەشداریی دارایی بکات لە تێچووی ئۆپراسیۆنێکی ئەورووپی بۆ مینکێشی لەو گەرووەدا.
ئەم سیاسییەی پارتی دیموکرات کریستیان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “هاندڵزبڵات” گوتی: «ئێران بە شێوەیەکی نایاسایی یەکێک لە ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانیی مینڕێژ کردووە.» ئەو جەختی کردەوە داواکارییەکی لەو شێوەیە ڕەوایە، چونکە دەبێت ئێران تێچووی لادانی ئەو زیانانە بدات کە حکوومەتەکەی دروستی کردوون.
نێزیکەی پێنجیەکی بازرگانیی نەوت و گازی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت. حکوومەتی ئەڵمانیا چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کەشتیی مینکێشی “فۆڵدا” و کەشتیی پشتیوانیی “مۆزێل”ی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ ئەوەی ئامادەی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆن بن.
وادێفوول هەروەها ڕەخنەی لە بەڕێوەچوونی ساڵانەی کۆبوونەوەکانی لووتکەی ناتۆ گرت و گوتی ئەو جۆرە کۆبوونەوە ڕێکخراوانە وای کردووە بەرپرسان نەتوانن بە باشی بە کارە نێودەوڵەتییەکانی دیکەیان ڕابگەن. ئەو پێشنیاری کرد کۆبوونەوەکان تەنها لە کاتی بوونی بابەتە زۆر گرنگەکاندا ئەنجام بدرێن.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ناتۆ لە ئەنقەرە کرد و گوتی ئەگەر ئەم کۆبوونەوەیە پەیامێکی یەکگرتوو بنێرێت، دەبێتە کۆبوونەوەی ئاشتی، چونکە ڕووسیا تێدەگات تەنها بژاردە گفتوگۆیە. کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە پایتەختی تورکیا بەڕێوە دەچێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

سعوودیە داوا لە هاووڵاتیانی دەکات لوبنان جێ بهێڵن

یاسین

سبه‌ی لە هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە

سەڵاح

وردەکاریی پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان

یاسین