ڕۆژی دووشەممە ٦ـی ٧ـی ٢٠٢٦، بەئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و بەشێک لە ئەندامانی بەش و ڕۆشنبیران و ئەکادمیست و ڕۆژنامەڤانان، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هۆڵی لقی یەکێتی قوتابیان و لاوانی پ.د.ک لە شاری ئاکرێ، ڕێوڕەسمێکی تایبەتی بۆ ڕێزلێنان لە شاعیر و میدیاکار کەمال ڕەمەزان ئاکرەیی سازکرد و لەهەمان کاتدا فەرمانی دەستبەکاربوونی سۆلین تەیب وەک بەڕێوەبەری نوێی ڕادیۆیی ئاکرێ ڕاگەیەندرا.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دەستی پێکرد.
د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، لە وتارێکدا جەختی لە ڕۆڵ و خزمەتەکانی کەمال ڕەمەزان ئاکرەیی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە لە ماوەی چەندین ساڵی خزمەتیدا، بە پەیڤ، شیعر و بەرهەمە ئەدەبییەکانی، خزمەتێکی بەنرخی ئەدەبی کوردی و بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان کردووە و بەرهەمەکانی هەمیشە هەڵگری پەیامی نیشتمانپەروەری، ئازادی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی بوون.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا: کەمال ڕەمەزان ئاکرەیی، لە بواری ڕاگەیاندنیشدا، بە یەکێک لە ڕاگەیاندنکارە شارەزا و دڵسۆزەکان ناسراوە و بە ئیتیکی پیشەیی، دڵسۆزی و پابەندبوونی بە ئەرکەکانی، ڕۆڵێکی دیار و کاریگەری لە گەیاندنی پەیامی ڕاست و خزمەتکردنی کوردستان هەبووە. بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، لە کۆتاییدا، سوپاسی هەموو هەوڵ و ماندووبوونییەکانی کرد و هیوای خواست بەردەوام بە هەمان دڵسۆزی و ئەزموونەوە لە هەر شوێنێکدا خزمەتی نەتەوە و نیشتمان بکات.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، کەمال ڕەمەزان ئاکرەیی لە وتارێکدا سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و هەموو ئەوانەی کە لە ماوەی خزمەتکردنیدا هاوکارییان کردووە، کرد و جەختی لەسەر بەردەوامبوونی خزمەتکردن بۆ نەتەوە و نیشتمان کردەوە و چەند پەیڤ و شیعرێکی پێشکەشی بە ئامادەبوان کرد.
لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا، سۆلین تەیب لە پەیڤێکدا دەستخۆشی بۆ متمانە و پاڵپشتی بەشی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن هەبوو و ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی بە دڵسۆزی و بەرپرسیارێتی ڕاگەیاند.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، لەلایەن بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، گوڵ و دیاریی ڕێزلێنان پێشکەش بە کەمال ڕەمەزان ئاکرەیی کرا، هەروەها فەرمانی دەستبەکاربوون و گوڵی پیرۆزبایی لەلایەن د. سالار عوسمان پێشکەش بە سۆلین تەیب، بەڕێوەبەری نوێی ڕادیۆیی ئاکرێ کرا.

