فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا بە مەبەستی پاراستنی مایکل ئۆلیسی ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن، داواکارییەکی فەرمییان پێشکەشی فیفا کردووە تا ئەو کارتە زەردەی لە یاری قۆناغی شانزە بەرامبەر پاراگوای بە ناوبراو دراوە هەڵبوەشێننەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی لیکیپ، بەرپرسانی فەرەنسا بە توندی نیگەرانن لەوەی ئۆلیس لە یاری چارەکی کۆتایی بەرامبەر مەغریب تووشی کارتێکی تر ببێت و بەو هۆیەوە لە ئەگەری سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی پێش کۆتایی، بێبەش بێت لە بەشداریکردن. سەرچاوە فەرەنسییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دیمەنە ڤیدیۆییەکان بە ڕوونی دەریدەخەن ناوبراو هیچ پەیوەندییەکی جەستەیی لەگەڵ یاریزانی بەرامبەردا نەبووە و بڕیارەکەی ناوبژیوان لەو یارییەدا هەڵە بووە.
ئەم هەوڵەی فەرەنسا تەنها چەند ڕۆژێک دوای بڕیارێکی هاوشێوەی فیفا دێت کە تێیدا سڕکردنی فۆلارین بالۆگنی هێرشبەری هەڵبژاردەی ئەمریکای هەڵوەشاندەوە، ئەمەش وای کردووە فەرەنسییەکان گەشبین بن بە وەرگرتنی بڕیارێکی ئەرێنی لەلایەن لیژنەی ناوبژیوانانی فیفاوە بۆ ئەوەی ئۆلیس بە تەواوی ئامادە بێت بۆ یارییە چارەنووسسازەکەی بەرامبەر مەغریب.

