ئیدارەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیسیا بڕیاری بەخشینی خەڵاتی شێری زێڕینی فەخری بە ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی جۆرج کلوونی راگەیاند، ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ کۆی کارە هونەری و مێژووییەکانی لە سینەمادا.
جۆرج کلوونی ئەم خەڵاتە لە ماوەی بەڕێوەچوونی خولی 83ی فێستیڤاڵەکەدا لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو وەردەگرێت، کە بە یەکێک لە گرنگترین رووداوە سینەماییەکانی جیهان دادەنرێت.
ئەم نازناوە بۆ ریزگرتنە لە کاروانی چەندین دەیەی ئەو لە سینەما و تەلەڤزیۆن، کە وای لێکرد ببێتە یەکێک لە کاریگەرترین ئەستێرەکانی هۆڵیوود لە بواری نواندن، دەرهێنان و بەرهەمهێناندا.
ئەلبێرتۆ باربێرا، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی ڤینیسیا، رایگەیاند، جۆرج کلوونی سەرەتای کارەکانی بە رۆڵی بچووک لە تەلەڤزیۆن دەست پێکرد، پێش ئەوەی لە رێگەی زنجیرەی “ER” لە ساڵانی نەوەدەکاندا ناوبانگی جیهانی بەدەستبهێنێت.
لەو کاتەوە، ئەو بووە ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە فیلمی وەک “Syriana” لە 2005 کە خەڵاتی ئۆسکاری پێدرا، هەروەها فیلمەکانی وەک “Ocean’s Eleven” و “Gravity” و “The Descendants” پێگەی ئەویان بەهێزتر کرد.

