پەنابەرێکی عێراقی تەمەن 38 ساڵ بەتۆمەتی کاری قاچاخچێتی لەلایەن پۆلیسی رووبەڕووبوونەوەی تاوانی بەریتانیا لە شاری پریستۆنی ئەو وڵاتە دەستگیر کرا.
پۆلیسی بەریتانی ڤیدیۆی ساتی دەستگیرکردنی ئەو پەنابەرە عێراقییهیان بڵاو کردەوە و بە گوێرەی میدیای بەریتانیا لە کاتی دەستگیرکردنەکەیدا، ئەو کەسە خۆی بە هاووڵاتیەکی عێراقی ناساندووە و دانی بەوەداناوە کاری قاچاخچێتی کردووە و پەنابەرانی کورد و سووری بە بەلەم لە تورکیاوە بۆ بەریتانیا کردووە.
بەپێی میدیاکان، پۆلیسی بەریتانیا زانیارییان لایە ئەو پەنابەرە عێراقییە، چەند کاروانێک پەنابەری کورد و عێراقی و سووری لە تورکیا گواستووەتەوە بۆ فەرەنسا و لەوێشەوە بە بەلەمی بچووک لەرێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە رەوانەی بەریتانیای کردوون.
لە کاتی دەستگیرکردنیشی، پۆلیس دەستیان گرتووە بەسەر ژمارەیەک مۆبایل و بەڵگەنامەی دیکەی پەیوەست بەو پەنابەرە عێراقییە.
ئال موڵان، ئەفسەری پۆلیسی بەریتانیا لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو قاچاخچییە عێراقییە گوتی “دەستگیركردنی ئهو كهسه خاڵێکی وەچەرخانە لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی باندە قاچاخچییەکان”.
بەپێی زانیارییەکانی میدیای بەریتانیا، رۆیشتنی پەنابەران بۆ بەریتانیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و رۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو، تەنیا لە ٢٤ کاتژمێردا، ٧١١ کەس لە فەرەنساوە چوونهته بەریتانیا کە ئەمەش زۆرترین ژمارهیه كه له یهك ڕۆژدا ئهوهنده كهس ئهمساڵ دهربازی بهریتانیا بوونه.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاشکرای کردووە، ئەمساڵ هەشت هەزار و ٢٧٨ کەس بە بەلەم و قاچاخ هاتوونەتە بەریتانیاوە.