بەپێی خەمڵاندنە پزیشکییە جیهانییەکان، سستمی خۆراکیی نادروست ساڵانە بەرپرسە لە سەرهەڵدانی ٥%ی حاڵەتە نوێیەکانی شێرپەنجە. زانایان دووپاتی دەکەنەوە کە تەنیا بە چاککردنی شێوازی ژیان، دەکرێت ڕێگری لە پتر لە ٤٠%ی حاڵەتەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە بکرێت.
بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی ئەم نەخۆشییە، پزیشکان ڕێنمایی دەدەن کە ئەم خووانە بگۆڕدرێن:
کەمکردنەوەی کحول و شەکر: کحول ڕاستەوخۆ لە ڕیزی ماددە شێرپەنجەیییەکاندایە؛ شەکر و خواردنەوە شیرینەکانیش هۆکارن بۆ قەڵەوی، کە قەڵەویش مەترسیی تووشبوون بە ١٢ جۆری جیاوازی شێرپەنجە زیاد دەکات.
دیاریکردنی ڕێژەی گۆشت: پێویستە خواردنی گۆشتی دەستکرد (وەک سۆسج و کالباس) لە ١٥٠ گرام، و گۆشتی سوور لە ٥٠٠ گرام لە هەفتەیەکدا زیاتر نەبێت.
گرنگیدان بە شێوازی لێنان: لە کاتی برژاندنی گۆشت لەسەر خەڵووز، دەبێت ڕێگری لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی گڕی ئاگر بکرێت و ئەو بەشانەی کە سووتاون و ڕەش بوونەتەوە نەخورێن. هەروەها لە کاتی سوورکردنەوەی پەتاتە لە پلەی گەرمیی بەرزدا، ماددەی زیانبەخشی (ئاکریلامید) دروست دەبێت کە دەبێت هۆشیاری لێبکرێت.
دوورکەوتنەوە لە قاپی پلاستیکی: گەرمکردنەوەی خواردن لە ناو قاپی پلاستیکیدا لە ناو مایکرۆوەیڤ، ماددەی مەترسیدار دەردەکات؛ بۆیە هەمیشە پێویستە قاپی شووشە یان سیرامیک بەکاربهێنرێت.

