ئەمڕۆ، شاندێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی (کەمال محەمەد) وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەتیان کرد، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە ژیانی هاووڵاتیان.
دکتۆر جەگەر هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، دەربارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی ڕاگەیاند: “لە دیدارەکەدا کە ڕاوێژکاران، بەڕێوەبەرانی گشتیی هەردوو وەزارەت و بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم ئامادەبوون، گفتوگۆیەکی چڕ لەسەر خزمەتگوزارییەکانی کارەبا، پڕۆژەی ڕووناکی، ئاستی بەرهەمهێنان و نرخی بەنزین کرا.”
پڕۆژەی ڕووناکی و نرخی کارەبا
سەبارەت بە کەرتی کارەبا، دکتۆر جەگەر هەرکی ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆژەی (ڕووناکی) بە ڕێژەی ٨٥٪ بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراوە و کارکردن تێیدا بەردەوامە. وتیشی: “لە ماوەیەکی کورتدا، ئەنجومەنی وەزارەت پلانی هەیە پێداچوونەوە بە نرخی کارەبادا بکات، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیاندا بێت.”
سوتەمەنی و هەلی کار
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرسی سوتەمەنی (گازی شلی ماڵان و بەنزین) و دۆخی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان تاوتوێ کرا. پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی ئەوەی خستە ڕوو کە وەزارەت هەوڵە دەدات کێشەی سوتەمەنی چارەسەر بکات، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێگە دراوە بە هاوردەکردنی بەنزین لە دەرەوەی هەرێم و پلانیش هەیە بۆ دروستکردنی پاڵاوگەیەکی نوێ.
هەروەها باسی لەوەش کرد کە بابەتی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووانی ناوخۆ وەک کارمەند لەو کەرتانەدا، بەشێکی گرنگی گفتوگۆکانیان بووە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ زاگرۆس، دکتۆر جەگەر هەرکی وێڕای سوپاس بۆ وەزیری کارەبا و تیمەکانی هەردوو وەزارەت، دووپاتی کردەوە کە وەک فراکسیۆنی پارتی بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن لە مافەکان و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

