دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جەختی کردەوە کە هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و عێراق زۆر بەهێز و توندوتۆڵە و عێراقی بە وڵاتێکی مەزن وەسف کرد. ترامپ ستایشی هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی کرد و دووپاتی کردەوە کە پلانەکانی کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی نەرم و ئاسایی بەڕێوە دەچن.
تەوەرە دیارەکانی گوتارەکەی سەرۆک ترامپ لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا لە کۆشکی سپی:
ستایشکردنی پێگەی زەیدی: ترامپ ڕایگەیاند: “شەرەفێکی گەورەیە کە میوانداریی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەم،” و ئاماژەی بەوە کرد کە: “کاریگەریی زەیدی لە عێراق تێدەپەڕێت و دەبێتە سەرکردەیەکی دیار لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.”
پێوەندییە بەهێزەکان: سەرۆکی ئەمریکا گوتی: “هاوبەشییەکی بەهێزمان لەگەڵ عێراقدا هەیە، عەلی زەیدی کارێکی نایاب دەکات. عێراق وڵاتێکی مەزنە و پێوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ زەیدیدا هەیە کە کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە.”
گرێبەستە نەوتییە زەبەلاحەکان: ترامپ تیشکی خستە سەر کەرتی ئابووری و ڕایگەیاند: “عێراق خاوەنی وزە و سەرچاوەیەکی بێشوماری نەوتە، ئێمەش لەگەڵ عێراقدا چەندین گرێبەستی گەورە و زەبەلاح لە کەرتی نەوتدا واژۆ دەکەین.”
کشانەوەی هێزە سەربازییەکان: سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا، ترامپ ڕوونی کردەوە: “پێویستمان بەوە نابێت سوپاکەمان لە عێراق بێت یان بوونی سەربازیمان هەبێت،” و جەختی کردەوە کە پلانەکانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بە تەواوی و بە ئاسانی کار دەکەن.
کۆنترۆڵکردنی چەک: لە کۆتاییدا، سەرۆکی ئەمریکا پشتگیریی تەواوی واشنتۆنی بۆ هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی دووپات کردەوە سەبارەت بە “کۆنترۆڵکردن و حەسەرکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.”

