ئێوارەى رۆژى سێشەممە 14ـی تەممووزی 2026، بەئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی، نوێنەرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە وەزیران، دیپلۆماتکارو نوێنەرانى بیانى لە هەرێم و بەرپرسانی باڵای حکومی، فەرماندە سەربازییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، یادی ڕۆژی نیشتمانیی کۆماری فەڕەنسا لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لە مەڕاسیمەکەدا سەفین موحسین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت بە نوێنەرایەتى سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانى ووتارێکى پێشکەش کردو بەناوی گەل و حکومەتى هەرێمى کوردستان پیرۆزبایی لە گەل و حکومەت و کونسوڵگەری گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر کرد، سوپاس و پێزانینى ئاڕاستەی فەڕەنسا کرد بۆ دۆستایەتیی و پاڵپشتی بەردەوامیان و دووپاتى لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا کردەوە.
بەڕێزیان گوتى بناغەکانی داڕشتنی فەڕەنسا کە لەسەر پرەنسیپی گرنگ داڕێژراوە و بریتین لە ئازادی و یەکسانی و برایەتی. ئەم سێ بنەمایەش شتێکی نامۆ نیە بۆ ئێمە، ئەو بنەمایانە لەلای ئێمە لە هەرێمی کوردستان بە نرخن و پشتگیری لێ دەکەین. خەڵکی هەرێمی کوردستان لە رابردوو تێکۆشاون و خەباتیان کردووە بۆ ئەوەی ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ نەوەکانیان بەدەست بێنن. ئەمەش بە یارمەتی دۆستەکانمان هەر لە ساڵی ١٩٩١ لەو کاتەی نەوای ئازاد بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کرا. کە فەڕەنسا ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو. لەوکاتەوە پەیوەندی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا زۆر بەرەوپێش چووە. ئەو پەیوەندیە دەگەڕێتەوە بۆ پێشتریش و هەر ئەم پەیوەندیەش وایکرد کە لە ماوەی رابردوو پەیکەری شارل دیگۆل لە پارکی سامی عبدالرحمن دانرا. کە ئەمەش مانای زۆر دەگەیەنێ بۆ ئێمە.
فەرەنسا هەمیشە لە کاتە سەختەکان لەگەڵ ئێمە بووە و پشتگیری کردووین و ئەم پەیوەندیانەش تەنها پەیوەندی سەربازی نەبوونە و بەڵکو پەیوەندی سیاسی و بازرگانی و کەلتوریش بوونە کە دەرەنجامەکەی ئەو سەردان و دیدارانە بووە لەگەڵ سەرۆک و گەورە بەرپرسانی فەڕەنسا. لە ئێستاشدا کاری زۆر ماوە پێکەوە ئەنجامی بدەین. لەم ڕۆژەدا دووبارە هیوای خۆشگوزەرانی و ئاشتی و سەرکەوتن بۆ خەڵکی فەڕەنسا دەخوازم.
هەر لە مەڕاسیمەکەدا یان بریم کونسوڵى گشتى فەڕەنسا لە هەرێم وتارێکى پێشکەش کردو گوتى ئێمە یادی ڕۆژی نیشتیمانی خۆمان لە دۆخێکی پڕ لە گرژی ناوچەییدا دەکەینەوە دوای ئەو جەنگەی کە لە ٢٨ی شوباتدا دەستی پێکرد. جەنگێک کە فەرەنسا و کوردستان-ی تازیەبار کرد.
دەمەوێت ئەم دەرفەتە بەهەند وەربگرم بۆ نواندنی سەری ڕێز و وەفا بۆ یادەوەری ئەفسەر ئاڕنۆ فرۆن، کە لە ڕۆژی ١٢ی ئاداری ڕابردوودا لە ئەنجامی هێرشێکی فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە بە سەختی بریندار بوو و گیانی لەدەستدا. هەروەها بیرم لای پێنج هاوڕێی بریندارەکاتیەتی. نیشتیمانەکەمان دەزانێت تا چ ڕادەیەک قەرزاری سەربازەکانیەتی کە خۆیان لە پێناو ئاسایشی ئێمەدا دەکەنە قوربانی. هەروەها دەمەوێت ڕێز لە یادەوەری ئەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە و هاوڵاتیانی مەدەنی کوردی عێراق بگرم کە بوونەتە قوربانی ئەم جەنگە.
کونسوڵى گشتى فەڕەنسا گوتى مایەی شانازییە توانیمان پەیوەندیی نیوان فەرەنسا و کوردستان باشتر بکەین؛ بە شانازییەوە کارمان بۆ پێگەی فەرەنسا کردووە، توانیمان پێگەی هەردوو قوتابخانەی فەرەنسی لە هەولێر و سلێمانی پێشبخەین، کە ئەمساڵ بە تەواوی بوون بە قوتابخانەی نیودەوڵەتی.
لە ڕێگەی پەیمانگەی فەرەنسییەوە (Institut Français)، کەلتوور و زمانی فەرەنسیمان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا پەرەپێدا. لە ڕێگەی دامەزراوەی (Expertise France) لە بەرەوپێشبردنی سەلامەتیی پەیوەندیمان لەگەڵ بەرگری شارستانیی کوردستان بەهێزتر پەرەپێدا. هەروەها یەکەمین کۆڕبەندى بازرگانیی فەرەنسا – کوردستان لە پێناو گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، خەڵکی کوردستان، بە جوڵەی زیاترمان دا؛ بە جوڵەی زیاتر لە فەرەنسا و کوردستانمان رێکخستن و وزەی زیاترمان بە جوڵەی بازرگانی فەرەنسا و کوردستان دا لە پێناو گەشەپێدانی هەرێم.
یان بریم گوتى هیچ کام لەو دەسکەوتانەى بەدەستمان هێناون بەبێ پابەندبوون و دۆستایەتى و پێداگرى ئێوە بۆ پەیوەندییەکانى نێوان فەڕەنساو کوردستان ئەستەم بوون. کردنەوەى رێڕەوى پێشمەرگە لە پاریس و دانانى پەیکەرى شارل دیگۆڵ لە هەولێر هێماى بەهێزى ئەم پەیوەندییەن.

