بەرپرسانی سووریا ڕایانگەیاند هەوڵێکیان بۆ گواستنەوەی بارێکی چەک و مووشەک لە سنووری عێراقەوە ناکام کردووە. وەزارەتی نێوخۆی سووریا ئاماژەی بەوە دا لێکۆڵینەوە سەرەتایییەکان دەریدەخەن بڕیار بووە ئەو بارە لە خاکی سووریاوە بۆ لوبنان و بۆ چەکدارانی حزبوڵڵا بگوازرێتەوە؛ وەزارەتەکە ئەو گرووپەی بە “تێرۆریست” ناو برد. هێزە تەناهییەکان دوای ناسینەوەی ئۆتۆمبێلێکی گومانلێکراو لەسەر هێڵی سنووری، پشکنینیان بۆ کردووە و بارێکی مووشەکی دوورهاوێژ، مووشەکی ئاراستەکراوی دژەزرێی و چەندین درۆنیان دۆزیوەتەوە و دەستیان بەسەردا گرتووە.
سەرچاوەکانی “العربیة” پێشتر ڕایانگەیاندبوو باری دەستبەسەرداگیراو نزیکەی ١٥٠ درۆنی تەقینەوە، ژمارەیەک مووشەک و چەکی پێشکەوتووی تێدا بووە و لە عێراقەوە بەرەو لوبنان گوازراوەتەوە. بە گوتەی ئەو سەرچاوانە، هێزەکانی سووریا پێش ئەوەی بارەکە بگاتە قووڵاییی خاکی وڵاتەکە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریدا دەستیان بەسەردا گرتووە. تا ئێستا حزبوڵڵا و بەرپرسانی عێراق هیچ کاردانەوەیەکیان بەرانبەر ئەو هەواڵە نەبووە. ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوکاتە لەگەڵ توندکردنەوەی ڕێوشوێنە تەناهییەکانی سووریا لە دەروازە سنوورییەکاندا.

