zagros news agency

ترەمپ نهێنییەکانی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات و چین بە دەستوەردان تۆمەتبار دەکات

 

ڕۆژی پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وڵاتی چینی بە ئەنجامدانی گەورەترین پرۆسەی هاککردنی داتاکانی هەڵبژاردن لە مێژوودا تۆمەتبار کرد. هاوکات ڕایگەیاند کە نهێنی لەسەر کۆمەڵێک بەڵگەنامەی هەواڵگری لادەبات کە “خاڵە لاوازە شۆککەرەکان” لە سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکادا دەسەلمێنن.

ترەمپ لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا کە لە کۆشکی سپییەوە ئاڕاستەی گەلی ئەمریکای کرد، وتی: “لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت لە خولی هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ەوە، کۆماری میلی چین ئەوەی ئەنجامداوە کە پێدەچێت لە مێژوودا گەورەترین هاککردنی داتاکانی هەڵبژاردن بێت، ئەمەش بووەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی زانیاریی ٢٢٠ ملیۆن دەنگدەری ئەمریکی.”

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە پێشتر زیاتر لە ٦٠ داوای یاسایی کە لەلایەن خۆی و هاوپەیمانەکانییەوە پێشکەش کرابوون، نەیانتوانی هیچ بەڵگەیەک بۆ بوونی ساختەکارییەک بسەلمێنن کە کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ هەبێت. هەروەها پرۆسەکانی دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکان و لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی داد هیچ ئەنجامێکیان بەدەست نەهێنا کە پشتگیری لەو ئیدیعایانە بکات.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە زانیارییە هەواڵگرییەکانی پەیوەست بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکان “بۆ چەندین ساڵ پەردەپۆش کراون”. ئەو پەنجەی تۆمەتی بۆ “عەناسەرەکانی دەوڵەتی قووڵ” لە ناو ئاژانسە هەواڵگرییەکان درێژ کرد و بەوە تۆمەتباری کردن کە لەگەڵ لایەنی چینی هاوکار بوون بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان.

ترەمپ وتیشی: “ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان دەریدەخەن کە سیاسەتی پارتی کۆمۆنیستی چین لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ئامانجی پشتگیریکردنی هەر لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن بووە دژی من، بە مەبەستی ناچارکردنی حکومەتەکەم بۆ دەستلەکارکێشانەوە.”

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ پەکینی تۆمەتبار کرد بەوەی فشاری خستووەتە سەر ڕۆژنامەنووسان بۆ نووسینی ڕاپۆرتی نەرێنی لەسەر ئەو، هەروەها دامەزراندنی یەکەیەکی تایبەت بۆ قۆستنەوەی داتای دەنگدەرانی ئەمریکی کە بە وتەی ئەو “هاک کراون”.

ئەم هەنگاوەی ترەمپ بۆ لادانی نهێنی لەسەر بەڵگەنامەکان، مشتومڕێکی نوێی لە شەقامی سیاسی ئەمریکادا دروست کردووە، لە کاتێکدا نەیارانی بە هەوڵێک بۆ گۆڕینی سەرنجی گشتی و تانەدان لە پرۆسەی دیموکراسی وەسفی دەکەن.

 

bbc

هەواڵی پەیوەندیدار

لە ئەڵمانیا 6382 هەزار پەنابەری تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە

سەڵاح

سەرۆك بارزانی بەشداری لە پرسەی خوالێخۆشبوو بەدرۆ لەشكری بێستریانەیی دەكات

سەڵاح

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوەوە

سەڵاح