ئەمڕۆ سێشەممە، ٢١ی تەمموزی ٢٠٢٦، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی گرنگی پەیوەندیدار بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، دکتۆر جەگەر هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد.
دکتۆر جەگەر هەرکی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس رایگەیاند: “لە دیدارەکەماندا لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، چەند پرسێکی گرنگمان تاووتوێ کرد، لەوانە گەیاندنی داواکاری بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستان سەبارەت بە خەرجکردنی (دەرماڵەی مەترسی). خۆشبەختانە بەڕێز دکتۆر ئومێد سەباح بە سوپاسەوە داواکارییەکەی وەرگرت و بەڵێنیدا کاری پێویستی کارگێڕی و یاسایی لەسەر ئەنجام بدەن.”
سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای ئاکرێ، ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد: “کۆمەڵێک پرسی پەیوەندیدار بە داواکاری هاوڵاتیانی سنووری قەزای ئاکرێمان خستە بەردەم سەرۆکی دیوان، بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی پەیوەستن بە کەرتی رێگاوبان، وەک رێگاکانی (شێخانۆک-کوشک) و (لەکان-ئیسماوا)، لەگەڵ چەند پڕۆژەیەکی گرنگی ئاو لە ناوچەکەدا.”
دکتۆر جەگەر هەرکی وێڕای سوپاسگوزاری بۆ بەدەمەوەچوونی بەردەوامی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کێشەی هاوڵاتیان، دووپاتی کردەوە: “وەکو پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە ماف و داواکارییە ڕەواکانی ئەندازیاران، مامۆستایانی زانکۆ و سەرجەم چین و توێژەکانی هاوڵاتیانمان، تا گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی.”

