بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاشکرای دەکات کە هێڵی ئاسمانیی یۆرۆوینگس دەستی بە گەشتەکانی کردووەتەوە و هێڵی ئاسمانیی نەمسا و سەلام ئێری عومانیش گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکە زیاد بووە، جەختیش دەکاتەوە کە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقدا هەیە.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی «زاگرۆس» راگەیاند، هێڵی ئاسمانیی «یۆرۆوینگس» (Eurowings) دەستی بە گەشتەکانی بۆ هەولێر کردووەتەوە و لە ئێستادا هەفتانە ١٤ گەشت لە فڕۆکەخانەی هەولێر ئەنجام دەدات.
ئەحمەد هۆشیار ئاشکراشی کرد کە لە ڕێکەوتی ١٤ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا، هێڵی ئاسمانیی نەمسا (Austrian Airlines) دەست بە گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەکاتەوە.
سەبارەت بە زیادبوونی هێڵە ئاسمانییە نوێیەکان لە وێستگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر ڕوونی کردەوە، هێڵی ئاسمانیی «سەلام ئێر» (SalamAir)ـی سەڵتەنەتی عومان بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر زیاد کراوە و هەفتانە دوو ڕۆژ (لە ڕۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە) گەشتەکانی بەڕێوە دەبات.

