zagros news agency

بەکارهێنانی کحوول لە هەموو وێستگەکانی شەمەندەفەری ئەڵمانیا قەدەغە دەکرێت

سەرۆکی کۆمپانیای نیشتمانیی هێڵی ئاسنی ئەڵمانیا (دۆیچە بان) قەدەغەکردنی خواردنەوەی کحوولی لە هەموو وێستگەکانی شەمەندەفەری ئەو وڵاتە لە پاییزی ئەمساڵەوە ڕای گەیاند. ئەو کۆمپانیایە هیوادارە لەو ڕێگەیەوە ڕێکوپێکی و تەناهیی زیاتر لە شەمەندەفەر و وێستگەکاندا جێگیر بێت.
کۆمپانیای نیشتمانیی هێڵی ئاسنی ئەڵمانیا (دۆیچە بان) بەتەمایە لە پاییزی ئەمساڵەوە بەکارهێنانی کحوول لە هەر ٥٤٠٠ وێستگەی شەمەندەفەری ئەو وڵاتە قەدەغە بکات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “بیلد”، بڕیار وایە لە داهاتوودا خواردنەوەی بیرە، شەراب، مەشرووبە کحوولییە بەهێزەکان یان هەر جۆرە کحوولێکی دیکە لە سەکۆکان یان هۆڵەکانی وێستگە، لە دەرەوەی چێشتخانە و ناوەندەکانی پێشوازیکردن لە سەرتاسەری ئەڵمانیا قەدەغە بکرێت.
جێبەجێکردنی ئەم پلانە لە سەرتاسەری وڵاتدا تا ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ تەواو دەبێت. دۆیچە بان لە وەڵامی پرسیاری ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا ئەم بەرنامەیەی پشتڕاست کردەوە.
ئۆلیڤەر پاڵا، سەرۆکی کۆمپانیای نیشتمانیی هێڵی ئاسنی ئەڵمانیا بە ڕۆژنامەی “بیلد”ی گوت: «ئیتر بەسە. لەمەودوا تەنانەت توندوتۆڵتر مامەڵە دەکەین. ئێمە ڕێکوپێکی و تەناهیی زیاترمان لە وێستگە و شەمەندەفەرەکانماندا دەوێت. بۆ من تەنها یەک شت گرنگە: پاراستنی هاوکاران و گەشتیارانمان.»
ماوەیەک لەمەوبەر ڕووداوێکی مەترسیدار لە شەمەندەفەرێکی هەرێمی لە ویلایەتی بادن-ڤویرتمبێرگ سەرنجی زۆری لە سەرتاسەری ئەڵمانیادا بۆ لای خۆی ڕاکێشا. لەو ڕووداوەدا، یەکێک لە کارمەندانی تەناهیی دۆیچە بان پاش تێکهەڵچوون لەگەڵ گەشتیارێک کحوولی خواردبووەوە، لە شەمەندەفەرەکە فڕێ درایە دەرەوە.
پێشتر قەدەغەکردنی بەکارهێنانی کحوول زیاتر لە وێستگە گەورەکانی ئەڵمانیا وەک فرانکفۆرت، هامبوورگ یان کۆڵن جێبەجێ دەکرایەوە. ئێستا ئەم کۆمپانیا حکوومییە بە پشتبەستن بە مافی بەڕێوەبردنی شوێنەکانی خۆی، بەتەمایە ئەم ڕێسایانە بۆ سەرتاسەری وڵاتەکە بگشتێنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئیمارات گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی بۆ به‌غدا ڕاگرت

سەڵاح

یونیسێف: بۆ یەکەمجار ژمارەی منداڵانی کێش زیاد لە منداڵانی بەدخۆراک زیاتر بووە

سەڵاح

رووسیا: سەبارەت بە بنکە سەربازییەکانمان لە سووریا بڕیارمان نەداوە

یاسین