دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە دەستپێکی دیدارەکەیدا لە نووسینگەی هێلکەییی کۆشکی سپی لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان، بەڵێنی دا ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوکاریی لوبنان بکات.
ترەمپ لە کاتێکدا لە تەنیشت عەون دانیشتبوو، بە پەیامنێرانی گوت: “ئێمە هاوکارییان دەکەین. زۆر هاوکارییان دەکەین.”
ناوبراو وردەکاریی زیاتری دەربارەی جۆری هاوکارییەکان نەخستە ڕوو، بەڵام گوتی: “ئێمە زۆر کێشە چارەسەر دەکەین. تا ئێستاش هەندێک کێشەی لوبنانمان چارەسەر کردووە. کێشەیەکی حیزبوڵا هەیە، بەڵام هەنگاومان ناوە پێم وایە جیهان پێی دەزانێت.”
ترەمپ دووبارە گوتی لوبنان “زۆر خراپ مامەڵەی لەگەڵ کراوە”، بەڵام ڕوونی نەکردەوە مەبەستی کام لایەن یان وڵاتە. گوتیشی: “کارێک دەکەین بەو شێوەیە ڕەفتار لەگەڵ لوبنان بکرێت شایستەی بێت.”
سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد ئامادەیە ئەگەر عەون بیەوێت، لەگەڵ حیزبوڵا گفتوگۆ بکات.
ناوبراو وردەکاریی زیاتری دەربارەی مەرج یان چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیە نەدا. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن حکوومەتی لوبنان و ئەمریکا سەرنجیان لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و کەمکردنەوەی ڕۆڵی سەربازیی حیزبوڵا لە باشووری لوبناندایە.
حیزبوڵا لەلایەن ئەمریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسرێت، گروپێکی سیاسی و سەربازیی بەهێزە لە لوبنان و ساڵانی ڕابردوو چەندین شەڕی بەرانبەر ئیسرائیل ئەنجام داوە.
ترەمپ پێشتر ڕەخنەی لە ئیسرائیل گرتبوو بەهۆی توندیی هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵا؛ ئەو هێرشانەی لە هەندێک کاتدا بوونە هۆی کوژرانی کەسانی سڤیل.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، جۆزێف عەون بە “سەرۆک کۆمارێکی مەزن” ناوی ترەمپی برد. ئەمەش وای کرد ترەمپ زەردەخەنە بکات و بە گاڵتەوە وەڵامی دایەوە: “ئەو دەزانێت چۆن لەگەڵم بدوێت.”
عەون هەروەها ستایشی ئەو ڕێککەوتنەی کرد مانگی ڕابردوو بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل واژۆ کرا و گوتی ئامانجی کۆتاییی ڕێککەوتنەکە کۆتاییهێنانە بە دوژمنایەتیی نێوان لوبنان و ئیسرائیل.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە ئەمریکا هەوڵ دەدات ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان جێگیر بکات و پڕۆسەی گواستنەوەی کۆنترۆڵی ناوچەکانی باشووری لوبنان لە هێزەکانی ئیسرائیلەوە بۆ دەستی سوپای لوبنان بەرەو پێش ببات.

