ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی لادراوی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە)، نزیکەی دوو مانگ دوای لادانی لە ڕێبەرایەتیی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی نوێی ڕاگەیاند.
ئۆزەل لە گوتارێکدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا لە ئەنقەرە گوتی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکە نێوخۆیییەکانی پارتەکە کۆ دەبێتەوە، ئەنجوومەنی پارتەکە لە بڕیارەکەی ئاگادار دەکاتەوە و پاشان دەست بە پڕۆسەی پێکهێنانی پارتە نوێیەکە دەکات.
گوتیشی: “ئەمڕۆ لە بەردەم ماڵاوایییەکی خەمگیندایین؛ ماڵاوایییەک بووەتە ناچاری و کاتی هاتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەمانەوێت بە خەڵک ڕابگەیەنین ئومێدی دەستپێکێکی نوێمان لە نێودا ماوە.”
ئۆزەل ئەم بڕیارەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە دادگای پێداچوونەوەی تورکیا چووەتە پشووی هاوینە، بێ ئەوەی پێداچوونەوە بۆ تانەکەی دژی بڕیاری لادانی بکات.
میدیای تورکیا بڵاوی کردەوە ئۆزەل بە نیازە هەفتەی داهاتوو داواکاریی فەرمیی دامەزراندنی پارتەکە پێشکەشی وەزارەتی نێوخۆ بکات. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئەگەری هەیە ناوی پارتە نوێیەکە “پارتی نوێ” بێت.
هێشتا ڕوون نییە چەند کەس لە ١٣٥ پەرلەمانتارەکەی جەهەپە کورسییەکانیان بەجێ دەهێڵن و دەچنە پاڵ پارتە نوێیەکەی ئۆزەل، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێشبینی دەکەن نزیکەی ٨٠ پەرلەمانتار بچنە پاڵی. لەو حاڵەتەدا، پارتە نوێیەکە دەستبەجێ دەبێتە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لە پەرلەماندا.
دادگایەک لە ئەنقەرە لە کۆتاییی مانگی ئایار، کۆنگرەی ساڵی ٢٠٢٣ی جەهەپەی بەهۆی هەبوونی سەرپێچی پووچەڵ کردەوە و ئۆزەلی لە سەرۆکایەتیی پارتەکە لادا. دادگا بە شێوەیەکی کاتی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپەی لە شوێنی ئەو دانا. کڵچدارئۆغڵو دوای گەڕانەوەی بۆ سەرۆکایەتیی کاتی، چەندین دۆسیەی سزادانی دژی کەسایەتییە باڵاکانی جەهەپە دەست پێ کرد.
ئۆزەل حکوومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی بە دەستوەردان لە پڕۆسەی دادوەری تۆمەتبار کرد و گوتی ئەم بڕیارە سیاسییە. بڕیارەکە ڕەخنەی زۆری لێ گیرا و لایەنگرانی ئۆزەل لە چەندین شار خۆپێشاندانیان ئەنجام دا.
جەهەپە دوای سەرکەوتنە گەورەکەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠٢٤، لەژێر سەرۆکایەتیی ئۆزەلدا ڕووبەڕووی گوشاری زۆری حکوومەتی تورکیا بووەتەوە.
زیاتر لە ٢٥ سەرۆک شارەوانیی هەڵبژێردراوی جەهەپە لە زینداندان یان لە پۆستەکانیان لادراون؛ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆک شارەوانیی پێشووی ئەستەنبوڵ و یەکێک لە ڕکابەرە سیاسییە گرنگەکانی ئەردۆغان، دیارترینی ئەو زیندانییانەیە.
ئیمامئۆغڵو لەلایەن ئۆزەلەوە پشتگیری دەکرێت، مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کرا؛ کارێک بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتیی بەرفراوان لە تورکیادا.
پێکهێنانی پارتێکی نوێ لەلایەن ئۆزەلەوە دەکرێت گەورەترین درزی سیاسی لە مێژووی نوێی جەهەپەدا دروست بکات و ئەگەر ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتار بگوازرێنەوە، هاوسەنگیی هێز لە پەرلەمانی تورکیا دەگۆڕێت. هەروەها ئەم هەنگاوە دەکرێت ڕکابەریی نێوان ئۆپۆزسیۆن و حکوومەتی ئەردۆغان لە لێواری هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیادا توندتر بکات.

