zagros news agency

وەزیری نەوتی عێراق: بەهای ڕێککەوتنە وزەکان لەگەڵ ئەمریکا دەگاتە ٢٠٠ ملیار دۆلار

 

دوێنێ سێشەممە، باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عێراق، ڕایگەیاند، قەبارەی ئەو ڕێککەوتنانەی لە کاتی سەردانی عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژوو کراون، بە نزیکەی ٢٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

وەزیری نەوت لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ڕێککەوتنانە دەبنە هۆی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو و لە پڕۆژەکانی غازی هاوەڵدا هاندەری وەبەرهێنانی زیاتر دەبن.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، وەزیر ڕایگەیاند کە لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق گەیشتووەتە ٤.٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

عێراق هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، لەبەردەم ئاستەنگی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی نوێ و زیادکردنی بەرهەمهێناندایە، لە کاتێکدا هێشتا پابەندە بەو سنووربەندییانەی کە لە لایەن هاوپەیمانی (ئۆپێک پڵەس)ەوە بۆ بڕی بەرهەمهێنان دیاری کراون.

سەرەڕای ئەوەی عێراق خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگەکانی نەوتی خاوە لە جیهاندا، بەڵام کۆتوبەندەکانی سەر بەرهەمهێنان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم ئاره‌زووه‌كانی وڵات بۆ زیادکردنی داهات بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی دانیشتووانەکەی کە بە خێرایی لە زیادبووندایە.

 

سكای نیوز

هەواڵی پەیوەندیدار

زیاتر لە 3000 بیمەی تەندروستی بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت دابینکرا

یاسین

وەزارەتی کارەبا: نرخی کارەبا گران نەکراوە و بەرزبوونەوەى تێچوو پەیوەندیی بە وەرزەکەوە هەیە

سەڵاح

ئەندامێکی لیژنەی نەزاهە هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بەردەوامە

سەڵاح