دوێنێ سێشەممە، باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عێراق، ڕایگەیاند، قەبارەی ئەو ڕێککەوتنانەی لە کاتی سەردانی عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژوو کراون، بە نزیکەی ٢٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
وەزیری نەوت لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ڕێککەوتنانە دەبنە هۆی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو و لە پڕۆژەکانی غازی هاوەڵدا هاندەری وەبەرهێنانی زیاتر دەبن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، وەزیر ڕایگەیاند کە لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق گەیشتووەتە ٤.٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
عێراق هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، لەبەردەم ئاستەنگی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی نوێ و زیادکردنی بەرهەمهێناندایە، لە کاتێکدا هێشتا پابەندە بەو سنووربەندییانەی کە لە لایەن هاوپەیمانی (ئۆپێک پڵەس)ەوە بۆ بڕی بەرهەمهێنان دیاری کراون.
سەرەڕای ئەوەی عێراق خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگەکانی نەوتی خاوە لە جیهاندا، بەڵام کۆتوبەندەکانی سەر بەرهەمهێنان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم ئارهزووهكانی وڵات بۆ زیادکردنی داهات بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی دانیشتووانەکەی کە بە خێرایی لە زیادبووندایە.
سكای نیوز

