وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەواری میسر سەرکەوتنی تیمی شوێنەوارناسی سەر بە ئەنجومەنی باڵای شوێنەوارەکانی لە دۆزینەوەی یەکەیەکی نوێی تایبەت بە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن لە گۆڕستانی تەلی شوێنەواری قوێسنا لە پارێزگای مەنووفییە ڕاگەیاند.
ئەم دۆزینەوە نوێیە ڕووناکی دەخاتە سەر نەریتەکان و پەیوەندییە ڕۆشنبیری و بازرگانییەکانی سەردەمی درەنگ و سەردەمی یۆنانی و ڕۆمانی لە ناوچەکەدا.
شەریف فەتحی، وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەواری میسر باسی لەوە کرد کە ئەم دۆزینەوە زانیاری زۆر بەنرخ بۆ تێگەیشتن لە ژیانی ئایینی و ئابووری ئەو سەردەمە دابین دەکات.
ناوەڕۆکی دۆزینەوەکە پێکهاتووە لە هۆڵێکی سەرەکی و چەند ژوورێک کە دەروازەی کەوانەییان هەیە هەروەها پاشماوەی جەستەی مرۆڤ لەسەر شێوازی ئۆزیری دۆزراونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا تیمی پشکنین دوو کۆمەڵە پەیکەری بچووکی ئۆشابتییان دۆزیوەتەوە کە ژمارەیان دەگاتە پێنجسەد و شەست پەیکەر و بەشێکیان نووسینی کتێبی مردووەکانیان لەسەرە.
لە پال دۆزینەوەی پەیکەری بچووکی پاراستن و قاپ کە یەکێکیان پاشماوەی ماددەی مۆمیاییکردنی تێدایە بڕێکی زۆریش لە مۆرووی فیانس دۆزراوەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە دۆزینەوەی فەخاری هاوردەکراو لە دوورگەی ڕۆدسەوە بوونی پەیوەندی بازرگانی بەهێز لە نێوان میسر و دەریای ناوەڕاست دەسەلمێنێت.

