ئهمڕۆ شەممە، داواکاری گشتیی فەرەنسا بۆ کاروباری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ڕایگەیاند کە شەش کەس دەستبەسەرکراون و چاوەڕوان دەکرێت تۆمەتی فەرمییان ئاراستە بکرێت، كه له پیلانێکی پووچەڵکراوە بۆ هێرشکردنە سەر کەنیسەیەکی جووەکان لە ناوچەی “سارسیل” لە دەوروبەری پاریس تێوهگلاون.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم شەش گومانلێکراوە کە ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە، دوای لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی ١٢ی تەممووز دەستگیرکراون. لەو ڕێکەوتەدا، دوای دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلێکی گومانلێکراو لە نزیك کەنیسەی شارۆچکەی سارسیل، هێزە ئەمنییەکان نزیکەی ٣٠٠ کەسیان لە ناوچەکە گواستەوە و شوێنەکەیان چۆڵکرد.
داواکاری گشتیی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە پیلانەکە پەیوەندی بە “توندڕەویی ئیسلامییەوە” هەبووە.
ئەم دەستگیرکردنانە لە کاتێکدایە کە فەرەنسا ڕێکاری ئەمنی توندی گرتووەتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە هەر کارێکی توندوتیژی کە ئاسایشی وڵاتەکە و ناوەندە ئایینییەکان بکاتە ئامانج.

