ئۆکراینا پێی وایە مۆسکۆ زیاتر لە جاران پشتی بە یارمەتییە سەربازییەکانی پیۆنگیانگ بەستووە. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراینا، ڕایگەیاند ڕووسیا بۆ پاییزی داهاتوو پلانی ناردنی ٣٠ هەزار سەربازی دیکەی کۆریای باکووری بۆ بەرەکانی جەنگ داڕشتووە. گوتیشی جارێکی دیکە سەکۆی هاوێشتنی مووشەکی بالیستیک لە کۆریای باکوورەوە ڕادەستی ڕووسیا دەکرێت.
زێلێنسکی ئەم هەواڵانەی بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا شەوی شەموو ٢٥ی تەممووز بڵاو کردەوە. مۆسکۆ و پیۆنگیانگ پەیماننامەیەکی هاوبەشی ستراتیژییان واژۆ کردووە. زێلێنسکی گوتی: «ڕووسیا دەیەوێت ٣٠ هەزار هێزی دیکە لە کۆریای باکوور وەربگرێت و لە مانگی حوزەیرانەوە لە ناوچەی ڤۆرۆنیژی ڕووسیا ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لەو هێزانە دەکرێت.»
سەرۆککۆماری ئۆکراینا ئاماژەی بەوەش دا پیۆنگیانگ خەریکی ئامادەکردنی کەرەستەی سەربازیی زیاترە بۆ ڕووسیا و گوتی: «کۆریای باکوور سەکۆی هاوێشتنی مووشەکی بالیستیکی زیاتر بۆ ڕووسیا دەنێرێت؛ ئەمەش تەنها هەڕەشە نییە بۆ سەر ئۆکراینا، بەڵکوو ڕووسیا یارمەتیی کۆریای باکوور دەدات شێوازی شەڕکردن فێر بێت و چەکەکانی پەرە پێ بدات، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو ئەو وڵاتە ئاسیایییانەی لە ژێر مەترسیی مووشەکەکانی کۆریای باکووردان.»
هاوکات ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکوور ڕایگەیاند پشتگیریی پیۆنگیانگ بۆ هەموو سیاستە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ڕووسیا نەگۆڕە. پێشتر کۆریای باکوور بە ناردنی ١٥ هەزار سەرباز بەشداریی لە جەنگی ڕووسیا بەرانبەر ئۆکراینا کردبوو. بە گوێرەی هەندێک ئاماری پشتڕاستنەکراوە، لە کاتی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی دەوروبەری کورسک، لانی کەم دوو هەزار سەربازی کۆریای باکوور کوژراون.

