ئەلێکساندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی تەممووز لە شوێنی هێرشەکەی شەوی شەموو بۆ سەر “ڕێپێوانی شانازی” لە بەرلین ئامادە بوو و گوتی هەموو بەڵگەکان ئاماژە بۆ هێرشێکی تیرۆریستیی ئیسلامگەرایانە دەکەن. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا گومانلێکراوی هێرشەکە پێشتر بەهۆی چەندین تاوان و توندڕۆبوون و پێوەندیی بە تاقمە ئیسلامگەرایەکانەوە ناسراو بووە.
دۆبرینت گوتیشی ١٦ ویلایەتەکەی ئەڵمانیا لە وردەکاریی هێرشەکە ئاگادار کراونەتەوە و داوای لە بەرپرسانی ویلایەتەکان کرد ڕێوشوێنە تەناهییەکان بۆ بۆنە گەورەکان و ڕێپێوانەکانی داهاتووی شانازی پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت. وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هۆشداریی دا نابێت ئەگەری چاو لێکردنی ئەو هێرشانە لە لایەن کەسانی دیکەوە پشتگوێ بخرێت و گوتی: «دوور نییە ئەم جۆرە کردەوە ترسناک و تیرۆریستییانە ببنە هەوێن بۆ ئەوەی کەسانی دیکەش دووبارەیان بکەنەوە.»
هاوکات فریدریش مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر ئەو هێرشە گوتی ئامانجی ئەم جۆرە کارانە تەنها دروستکردنی دووبەرەکییە لە نێو کۆمەڵگەدا. جەختیشی کردەوە نابێت خەڵک بترسن و ئەڵمانیا سەرەڕای هەموو جیاوازییە سیاسییەکان، بەرگری لە ئازادییەکانی دەکات.

