ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی بارەگای هاوپەیمانی “العمق الوطني” کرد و لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانییەکە کۆبووەوە، تیشک خرایە سەر پێویستی یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەم قۆناغەدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، فەرهاد ئەتروشی بە یاوەری ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان، سەردانی بارەگای هاوپەیمانی “العمق الوطني” کرد و لەلایەن د. خالید ئەسەدی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکەوە پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان کرد و جەختیان لە گرنگی پەرەپێدانی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە قۆناغی ئێستای وڵات پێویستی بە یەکڕیزی و پاڵپشتی هەموو لایەک هەیە، بە ئامانجی پتەوکردنی سەقامگیری و خزمەتکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.
ئەم دیدارەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ نزیککردنەوەی دیدوبۆچوونی لایەنە جیاوازەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان دێت لەپێناو تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان.

