نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل و ڕێبەری پارتی “پێکەوە” ڕایگەیاند ئەگەر لە داهاتوودا حکوومەت پێک بهێنێت، قەتەر وەک “وڵاتێکی دوژمن” دەناسێنێت.
بێنێت لە گوتارێکدا لە نێو پەیمانگای توێژینەوەی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، قەتەری بە “شێرپەنجەیەکی دژەجولەکە و توندوتیژ” ناو برد و گوتی ئامانجیان لەناوبردنی ئیسرائیلە.
ناوبراو بانگەشەی ئەوەشی کرد قەتەر لە ڕێگەی تۆڕی هەواڵیی جەزیرەوە ئۆپراسیۆنێکی کاریگەریی جیهانی بۆ تێکدانی ئیسرائیل بەڕێوە دەبات. بێنێت گوتی کاتێک سەرۆکوەزیران بووە، زانیاریی ئەوەی لەبەردەستدا بووە کە قەتەر هاوکاریی دارایی سوپای پاسداران دەکات.
حکوومەتی ئیسرائیل لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار جەزیرەی بە لایەنگیری بۆ حەماس و زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل تۆمەتبار کردووە.

