مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری داراییی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پلانی ستراتیژیی داراییی حکومەتی بۆ ۱۰ ساڵی داهاتوو ئاشکرا کرد کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە ئابووریی نەوتی و هێنانەدیی گەشەپێدانی بەردەوام.
گرنگترین ئامانجەکانی پلانی ۱۰ ساڵەی حکومەت:
زیادکردنی داهاتی ناونەوتی: بەرزکردنەوەی ڕێژەی داهاتە ناونەوتییەکان لە موازەنەی گشتیدا لە کەمتر لە ١٠٪ی ئێستاوە بۆ ٤٦٪.
بەهێزکردنی کەرتی تایبەت: بەرزکردنەوەی بەشداریکردنی کەرتی تایبەت لە بەرهەمی ناوخۆییی گشتیدا (GDP) لە ٣٧٪ی ئێستاوە بۆ ٥٤٪.
کەمکردنەوەی بێکاری: دابەزاندنی ڕێژەی بێکاری لە هێزی کاردا لە ١٣٪ی ئێستاوە بۆ ٣٪.
بنەما و فەلسەفەی پلانەکە:
ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم ئامانجانە لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی خەرجی و داهاتەکان، دروستکردنی هاوبەشیی کارا لە نێوان دەوڵەت و بازاڕدا، و وەبەرهێنان لە کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژیدا دەبێت بۆ ڕەخساندنی هەلی کاری بەردەوام و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات.

