کۆمپانیای “ئەکسۆسێنس” (Exosens) کە کۆمپانیایەکی پێشەنگی فەرەنسییە لە بواری پیشەسازی بەرگری، ئهمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە تا ساڵی ٢٠٢٦ توانای بەرهەمهێنانی کامێرای گەرمی (Thermal Cameras) سێ هێندە زیاد دەکات. ئەم بڕیارە وەک وەڵامدانەوەیەک دێت بۆ ئەو داواکارییە زۆرەی لەسەر ئامێرەکانی درۆن و سیستەمەکانی دژە درۆن لە بازاڕە جیهانییەکاندا هەیە.
کۆمپانیاکە کە پسپۆڕە لە دروستکردنی ئامێرەکانی بینینی شەوانە، ئاشکرای کرد کە داهاتی نیوەی یەکەمی ئەمساڵی بە ڕێژەی ١٥.٣٪ زیادی کردووە. بەهۆی ئەم گەشەسەندنە خێرایەشەوە، کۆمپانیاکە پێشبینییەکانی خۆی بۆ کۆتایی ساڵ بەرزکردەوە و چاوەڕوان دەکرێت داهاتی ساڵانەی بگاتە نێوان ٥٢٠ ملیۆن بۆ ٥٤٠ ملیۆن یۆرۆ.
بەپێی ڕاپۆرتە داراییەکان، قازانجی کۆمپانیاکە پێش کەمکردنەوەی باج و سوود (EBITDA) لە نیوەی یەکەمی ساڵدا بە ڕێژەی ١٨.٣٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٨٣.٦ ملیۆن یۆرۆ. ئەکسۆسێنس بە نیازە نزیکەی ٩٪ی داهاتی ساڵی ٢٠٢٦ تەرخان بکات بۆ فراوانکردنی کارگەکانی بەرهەمهێنان لە ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
جیرۆم سێریسیێ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەکسۆسێنس، لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: “ئەم فراوانکردنە تواناکانمان بەهێزتر دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییە خێراکانی کڕیارانمان. هەروەها پێگەی ئێمە وەک هاوبەشێکی ستراتیژی و جێی متمانە بۆ گەشەپێدەرانی سیستەمە بەرگرییە سەربەخۆکان (Autonomous Systems) جێگیرتر دەکات.”
زیادبوونی خواست لەسەر سیستەمە پێشکەوتووەکانی وێنەگرتن لە کەرتی بەرگریدا، بەتایبەت بۆ ئەو پلاتفۆرمانەی کە بە شێوەی خودکار کاردەکەن، وای کردووە بازاڕی کامێرا گەرمییەکان ببێتە یەکێک لە خێراترین بازاڕە گەشەسەندووەکانی جیهان. ئەکسۆسێنس جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرهەمەکانیان بەبێ سنووربەندییەکانی “ITAR”ی ئەمریکییە، ئەمەش وای کردووە کڕیارە نێودەوڵەتییەکان زیاتر ڕوویان تێبکەن.
ڕوێتەرز

