بەپێی نوێترین بڵاوکراوەی ‘ژن، ئاشتی و ئاسایش’ بۆ ساڵانی 2025-2026، کە لەلایەن پەیمانگەی جورجتاون و پەیمانگەی ئۆسلو بۆ توێژینەوەی ئاشتی دەرچووە، عێراق پلەی 158ـی لە کۆی 181 وڵاتی جیهان بەدەستهێناوە. ئەمەش دەیخاتە ناو ڕیزبەندی ئەو 24 وڵاتەی جیهان کە خراپترین دۆخیان بۆ ئافرەتان هەیە.
پێوەرەکانی ئەم بڵاوکراوەیە پشتیان بە چەندین لایەنی سەرەکی بەستووە، لەوانە، ئاسایش و سەلامەتی لە توندوتیژی، مافە یاساییەکان، دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و هەلی کار، بەهێزکردنی ئابووری و سیاسی و بەشداری کۆمەڵایەتی. لە ئاستی جیهانیدا، ئەفغانستان لە پلەی یەکەمی خراپترین وڵات دایە و دوای ئەویش هەریەکە لە یەمەن، ئەفریقای ناوەڕاست، سووریا و سوودان هاتوون کە قەیرانە مرۆییەکان کاریگەری نەرێنی راستەوخۆی لەسەر مافی ئافرەتان هەبووە تێیاندا، لە کۆتایی ڕیزبەندییەکەشدا لیبێریا خراپترین 25ـەمین وڵاتە و عێراقیش ڕاستەوخۆ پێش ئەو هاتووە.

