zagros news agency

بۆ دابینکردنی بەنزین و پێداچوونەوە بە نرخەکان؛ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ـی تەممووزی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتی وەزیری سامانە سروشتییەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی نەوت و کانزاکان بەڕێوەچوو. ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی پرسی دابینکردنی بەنزین، پێداچوونەوە بە نرخەکان و چارەسەرکردنی کێشەی کەمی سووتەمەنی بوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی گرنگ و بەپەلە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و جێگیرکردنی نرخی بەنزین دران، کە ئەمانەی خوارەوەن:

یەکەم: هەوڵدان بۆ زیادکردنی پشکی نەوتی خاوی هەرێم
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاندووە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ زیادکردنی ئەو پشکە نەوتە خاوەی کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێم دەنێردرێت. لە ئێستادا تەنها ٥٠ هەزار بەرمیل رۆژانە دابین دەکرێت، کە ئەمەش تەنها (٣٩.٤٦٪)ی شایستە ڕاستەقینەکەی هەرێمی کوردستانە. بەپێی شایستەی دارایی و دەستووری، دەبێت رۆژانە ١٢٦ هەزار و ٧٠٠ بەرمیل نەوتی خاو (کە دەکاتە ١٢.٦٧٪ی پشکی عێراق) ڕادەستی هەرێم بکرێت.

دووەم: زیادکردنی بڕی بەنزینی ٧٥٠ دیناری
بڕیاردرا بە زیادکردنی بڕی بەنزینی جۆری “نۆرماڵ”ی پاڵپشتیکراو، کە بە نرخی ٧٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت. ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

سێیەم: چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزینی بازرگانی
تیمەکانی وەزارەت بە شێوەیەکی ڕۆژانە چاودێری جۆرەکانی بەنزینی بازرگانی (نۆرماڵ، موحەسەن، سوپەر) دەکەن. ئامانج لەم بڕیارە دڵنیابوونەوەیە لە کوالێتی بەنزینەکە و گونجاندنی نرخەکانیان لەگەڵ بژێوی هاووڵاتییان و واقیعی بازاڕی هەرێمی کوردستان.

چوارەم: توندکردنەوەی چاودێری لێژنەکان
لێژنەکانی چاودێری و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان چالاکتر دەکرێن. ئەرکی ئەم لێژنانە پاراستنی کوالێتی بەنزین و ڕێگریکردنە لە هەر سەرپێچییەک کە زیان بە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان بگەیەنێت.

پێنجەم: ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاریدا هەموو ئاسانکارییەکی پێویست بۆ ئەو کۆمپانیایانە بکات کە بەنزین و مەوادی کیمیاوی هاوردە دەکەن، بە مەرجێک پابەندی ڕێنماییەکان و ستانداردە کوالێتییەکانی وەزارەت بن.

ئەم بڕیارانەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە کاتێکدایە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بگرێت و بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییان کەم بکاتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

په‌رله‌مانی عێراق كۆ ده‌بێته‌وه‌

سەڵاح

بێلینگهام سووکایەتی بە ناوبژیوانی یاری دێربی دەکات

یاسین

پەرلەمانتارێکی پارتی: ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە و ھێشتا سەرۆکی پەرلەمان دیاری نەکراوە

دڵشاد